دواین نامەی موجتەبا وەیسی، کە تێیدا پەیامێکی پڕ لە سۆز و هیوا ئاراستەی منداڵانی خوێندکاری کتێبخانەی کوردی دەکات، دوای لەسێدارەدانی لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە، بڵاو کرایەوە.
سەرچاوەکانی نزیک لە بنەماڵەی موجتەبا وەیسی لەبارەی بڵاوبوونەوەی نامەکەوە ڕایانگەیاند، لە ٢٨ـی ئایاردا لەو ماڵەی کە لگەڵ مەیسەم وەیسی برای تێیدا دەژیا، لە لایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە تیرۆر کرا. دەقی نامە دوو لاپەڕەیییەکەی موجتەبا، کە بۆ منداڵانی فێرخوازی کتێبخانەی کوردی نووسیویەتی دۆزرایەوە.
"جاروبار هەستەکانم بەرەو ئەو کتێبخانەیە دەفڕن و ڕۆحم بۆ کتێبەکان باڵ دەگرێت. بیری یەک بە یەکی ئەو منداڵانە دەکەم، کە لە کتێبخانەکەدا بوون: مەهیا، مەحبوب، سەنا، ئایلین، سەرویناز، هێنا، موبین، دیانا، ئاتوسا، هەستی، ئەلۆڤ، نیگار، ئایدا، تەرانە، هانیە، ئایدین و بەرهەم".
"ئایا ڕۆژێک دێت داهاتووییان ببینم، کە گەورە دەبن؟ ئایا دەبمە گەواهیدەری گەورەبوونیان؟ نازانم. بەڵام لە قووڵایی دڵمەوە، بۆ هەر یەکێکیان تەندروستی، دانایی و ژیانێکی بەشکۆ دەخوازم. خۆشم دەوێن؛ هیوای زانست و داناییان بۆ دەخوازم تا لە خەڵەتاندن و تەڵەکەی مرۆڤەکان بەدوور بن، مرۆڤ بن و مرۆڤایەتی نیشان بدەن، ئازادیخواز، دادپەروەر و خزمەتکاری گەل بن و خاوەن هەڵوێستێکی نەبڕاوە بن، وەک داربەڕووە ڕەسەن و بەڕەچەڵەکەکانی نیشتمان. بەهیوای دیدار لە جیهانێکی ئازاد و ڕووناکبیردا... سەرکەوتنی نەتەوە و گەورەبوونی ئێوە گەورەترین ئاواتی منن. حەق یارتان بێت و ببێتە پاڵپشت و پەناتان".
موجتەبا وەیسی لە بەشێکی تری نامەکەیدا ئاماژە بەو ئازارە دەروونی و نادڵنیایییە دەکات، کە بەهۆی ستەمی دەسەڵاتەوە چواردەوری گرتووە و دەنووسێت: "لە ژێر هەموو بارودۆخێکدا، ناخم پڕە لە بێهیوایی و شڵەژانی دەروونی. بێهیوایی لە داهاتوویەکی نادیار... بێهیواییەک، کە لە نەزانینی ئەوەی چی ڕوو دەدات. کۆتایی تەمەنی ئەم ستەمکارە کەی دێت؟ ئایا ئەم سەردەمە لە ستەمکاری کۆتایی دێت، یان دیسان ستەمکارێکی تر لە شوێنی دادەنیشێت و ئەم خولگە خراپە خۆی دووبارە دەکاتەوە؟ دەسەڵاتی دیکتاتۆر چۆن دەڕووخێت و تێک دەشکێت؟".
موجتەبا بە توندی ڕەخنە لە ملهوڕی و دۆخی نادادی کۆمەڵگە دەگرێت و دەڵێت: "ئایا دەبێت ئازایان، بە گیان و ماڵیان باجی ئازادی بدەن، بەڵام بێ ڕێز و ترسنۆکەکان ببنە خاوەن دەسەڵات و خۆپەرستی و لەسەر تەختی فەرمانڕوایی دابنیشن؟ ئایا دەبێت ئەو مرۆڤە پۆشتە و پاکانەی جەنگان و ژیانیان لەدەست دا، تەنیا وێنەکانیان لە زیندانەکاندا بمێنێتەوە؟ ئایا ئەنجامی هەموو هەوڵدان و مردنی هاوڕێکانم ئەوە دەبێت، کە داهاتووی نەتەوە بکەوێتە دەست ئەو کەسانەی تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەسەڵاتیان دەوێت؟ لە کاتێکدا دەسەڵات دەبێت بۆ خزمەتکردنی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بەکار بهێنرێت. لە کاتێکی نزیکدا، زنجیرەکانی ئەم کۆیلایەتییە سەرلەنوێ توند دەکرێنەوە..."
لە پەیامەکەیدا، ئەم چالاکوانە لایەنی ڕاستەقینەی تێڕوانینی خۆی بۆ ژیان دەخاتە ڕوو و جەخت دەکاتەوە: "خەبات دژی ستەمکاران باشترین واتای ژیانە، بەڵام دڕدۆنگی لە سەرهەڵدان دژ بە ستەمکاران بۆ من سەرچاوەی بێهیوایی نییە، بەپێچەوانەوە، ئەوە خودی ڕەوتی ژیان و واتای ژیانە. لەم جیهانە بەتاڵ و بێمانایەدا، کە من واتام پێ بەخشیوە، سەر دانەواندن لە بەردەم ستەمکاریدا تەنیا لەبەر ترسی مردن و پێویستیی مانەوە، جگە لە شەرمەزاری و ڕیسوایی هیچ شتێکی تر نییە."
نامەکە بەم دەستەواژە مێژووییانە کۆتایی دێت:
"دڵسۆز، پاڵپشت و پارێزەری ئێوە.
بەرخۆدان ژیانە.
سەرهەڵدان ژیانە."