ڕاستەوخۆ

ئەمەریکا هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێکی دزەپێکردنی تەکنەلۆژیای سەربازیی بۆ ئێران ڕاگەیاند

reset font size increase font size

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە درێژەی بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێکی ئاڵۆزی گواستنەوەی تەکنەلۆژیای بەرگریی بۆ ئێران ڕاگەیاند.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، تۆڕەکە بە مەبەستی بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای هەستیار بۆ سوپای ئێران، ناوی کۆمپانیا ئەمەریکییەکانی بەکارهێناوە و فێڵی لێ کردوون، لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە: "ئەم تۆڕە لە لایەن کەسێکەوە بە ناوی (عەلی مەجد سەهەر)ـەوە سەرپەرشتی کراوە، کە نیشتەجێی ئێرانە، ئەو لە ڕێگەی خۆشاردنەوە لەژێر ناوی کۆمپانیا ئەمەریکییەکاندا، بە بڕی ملیۆنان دۆلار فێڵی لە دەیان کۆمپانیای تەکنەلۆژیای ئەمەریکی کردووە".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی جۆری ئەو ئامێرانەی تۆڕەکە هەوڵی بردنیانی داوە ڕایگەیاند: "عەلی مەجد سەهەر و هاوکارەکانی هەوڵیان داوە دەستیان بە ئامێری پێشکەوتوو ڕابگات، لەوانەش ئامێری شیکردنەوەی شەبەنگ و ئامێری پشکنینی ئەمنی بۆ کەرتی بەرگریی ئێران".

وەزارەتەکە وردەکاریی شێوازی کارکردنی تۆڕەکەی ئاشکرا کرد و گوتی: "پلانی کارکردنیان دروستکردنی ماڵپەڕی ساختە بووە، کە چاودێریی ماڵپەڕی کۆمپانیا ڕاستەقینەکانی ئەمەریکایان پێ کردووە، هاوکات نێوەندگیریان بۆ وەرگرتنی بارەکان بەکار هێناوە و دواتر بە قاچاخ تەکنەلۆژیاکەیان بۆ ناو ئێران گواستووەتەوە، کە ئەمەش پێشێلکردنی ڕوونی سزاکانی ئەمەریکایە".

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئێستا زۆرترین گوشار دەخاتە سەر ڕژێمی ئێران بۆ سنووردارکردنی تواناکانی. لەم چوارچێوەیەشدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاندبوو، پاداشتێکی دارایی بە بڕی 15 ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە هەر کەسێک کە زانیاریی پێشکەش بکات بۆ پەکخستنی میکانیزمە داراییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان