بەهۆی لێدانی مێروو و سن لە زەوییەکانیان جوتیارانی ڕۆژاڤای کوردستان ڕووبەڕووی گرفت بوونەتەوە و جوتیاران دەڵێن، بەهۆی گرانی دەرمانە کیمیاییەکان ناتوانن چارەسەری گرفتە بکەن.
ئەحمەد سیلۆ، ئەندازیاری کشتوکاڵ لە دربێسپی دەڵێت، بەهۆی لێدانی سن لە گەنمی جوتیارانی دربێسپی لە سنوری پارێزگای حەسەکە جوتیاران زیانیان بەرکەوتووە و نرخی دەرمانە کیمیاییەکانیش بەرزبووەتەوە، بەهۆی بارودۆخی دارایشەوە ناتوانن دەرمان و پەینی کیمیایی بکڕن.
سیلۆ دەشڵێت، ئەمساڵ بەراوورد بە ساڵانی پێشوو ڕێژەیەکی باشی باران باریوە، بەڵام بەهۆی تەڕی زەوی و شێی زۆرەوە، زەوییەکان تووشی نەخۆشی سن بوونەتەوە، بەرزی نرخی دەرمان و پەینی کیمیایی و کەمی داهاتی جوتیاران ڕێگرە لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە.
جوتیاران داوا لە ئیدارەی ڕۆژاڤای کوردستان دەکەن، بە هانایانەوە بچن و یارمەتییان بدەن لە دابینکردنی دەرمانی کیمیایی بۆ زەوییەکانیان، بۆ ئەوەی تووشی زیان نەبن.