نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە بە یاوەریی شاندێکی چاودێریی پرۆسەی یەکگرتنی سەر بە حکومەتی کاتیی سوریا، سەردانی شاری سەرێکانییان کرد بە مەبەستی کاراکردنەوەی وێستگەی ئاوی عەلۆک و زەمینەسازیکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی شارەکە.
لە سەردانەکەدا بە شێوەیەکی فەرمی کارابوونەوەی وێستگەی ئاوی عەلۆک و دەستپێکردنەوەی گواستنەوەی ئاو بۆ شارۆچکەی تل تەمر و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان دوای حەوت ساڵ لە ڕاگیرانی ڕاگەیەندرا.
هاوکات لەگەڵ سەردانەکەدا، ئاڵۆزیی مەیدانی لە شارەکەدا دروست بوو، بەشێک لە دانیشتووانی پارێزگای دێرەزوور و عەرەبە هاوردەکانی نیشتەجێی سەرێکانی دژی بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان خۆپێشاندانیان کرد و هێرشیان کردە سەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی پارێزگاری حەسەکە و شاندی یاوەری.
ئەمە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی بەندەکانی ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی سوریا، پێویستە سەرجەم ئاوارەکانی سەرێکانی بگەڕێنرێنەوە بۆ زێدی خۆیان و لە بەرامبەردا ئەو کەسانەی لە ناوچەکانی دیکەوە هێنراونەتە ناو شارەکە، بگەڕێندرێنەوە بۆ ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان.