لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زیاتر لە 30 واژۆ کۆکرایەوە بە مەبەستی پێشکەشکردنی پێشنیازێک بۆ کەمکردنەوەی تێچووی دەرهێنانی پاسپۆرتی عێراقی بۆ 25 هەزار دینار، کە لە ئێستادا تێچووەکەی بە سەرجەم ڕسومات و ڕێوشوێنەکانەوە دەگاتە بڕی 91 هەزار دینار.
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، کۆکردنەوەی واژۆکان بە ئامانجی کەمکردنەوەی بەرچاوی تێچووی پاسپۆرتە بۆ 25 هەزار دینار، بەهۆی ئەوەی وەرگرتنی بڕی ئێستا بە پێچەوانەی یاسای پاسپۆرت دادەنرێت.
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی کردەوە، واژۆکان بە شێوەیەکی فەرمی پێشکەشی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێن تاوەکو بخرێتە کارنامەی دانیشتنەکانەوە. لە ئەگەری پەسەندکردنی، پێشنیازەکە ئاڕاستەی سەرۆکوەزیران و وەزارەتی ناوخۆ دەکرێت بۆ تەواوکردنی ڕێوشوێنە کارگێڕی و یاساییەکانی.
ئەم هەنگاوەی پەرلەمانتاران لە کاتێکدایە، پاسپۆرتی عێراقی لە ڕیزبەندی سێیەم لاوازترین پاسپۆرتەکانی جیهان دێت و هەڵگرانی تەنها دەتوانن بەبێ وەرگرتنی ڤیزە سەردانی 28 وڵات بکەن.