ئەندامێکی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل، ناسراو بە (نەپەگە) ڕایدەگەیەنێت، قەدەغەکردنی زمانی دایک, تاوانێکی نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤە و داوا دەکات سەرجەم شوێنە گشتی و تایبەتییەکان, بکرێنە ناوەندی پەروەردەی کوردی.
لەبارەی دۆخی زمانی کوردی و ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر تابلۆ و هێما کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان، هۆشداریی درا لە بوونی پلانێکی دەرەکی بۆ دروستکردنی ناكۆكی لەنێوان پێکهاتەکانی ناوچەکەدا.
موراد قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە)، لەبارەی ڕووداوەکانی حەسەکە و گرنگیی پاراستنی زمانی دایک ڕایگەیاند، هەوڵەکانی داگرتنی تابلۆ کوردییەکان لە حەسەکە دەستێوەردانێکی سیاسیی و هەواڵگریی ڕێکخراوە و گوتی: "ئامانجی ئەم کارانە بەتاڵکردنەوەی دەستکەوتەکانی گەلی کورد و تێکدانی برایەتیی گەلانە، بۆیە پێویستە گەلەکەمان لەسەر مافی پەروەردەی زمانی دایک پێداگیر بێت".
موراد قەرەیلان ڕاشیگەیاند: "تەنها بە بانگەواز زمان ناپارێزرێت، بەڵکو دەبێت لە پاڵ ئەوەدا پرۆسەی بنیادنان هەبێت. پێویستە دامەزراوە دیموکراتی و مەدەنییەکان، ماڵ، گەڕەک، قاوەخانەکان و تەنانەت ژێر دارەکانیش بکەنە فێرگەی پەروەردەکردنی منداڵان و گەنجان بە زمانی کوردی."
ئەندامەکەی فەرماندەیی نەپەگە، جەختی لەوەش کردەوە، کە فرەزاراوەیی لە زمانی کوردیدا دەوڵەمەندییە نەک کێشە و گوتیشی: "نابێت ڕێگە بدرێت هیچ زاراوەیەک لاواز بێت، ئێستا زاراوەی کرمانجکی لە باکووری کوردستان لەژێر مەترسیی سڕینەوەدایە و ئەرکی فەرمی و نەتەوەیی هەموو تاکێکی کوردە، بەرگریی لێبکات".