پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا ڕایگەیاند، سەدەی بیستەم بەهۆی تاوانەکانی ڕژێمی بەعس و جینۆسایدی هەڵەبجە و ئەنفال، بووە خوێناویترین سەدە بۆ کورد و مرۆڤایەتی.
پژاک لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: جینۆسایدی هەڵەبجە یەکێک لە پیلانەکانی دوژمنان بوو، بۆ لەناوبردنی گەلی کورد و بێگومان بەبێ پشتگیری هەندێک وڵاتی هەژموونخواز ئەنجام نەدەدرا.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا پژاک دەڵێت: هیچ سەقامگیری و ئاشتییەک پێک نایەت، ئەگەر بیانەوێت بۆ سەد ساڵی دیکەش کورد بخەنە ژێر دەسەڵات و هێرشەکانی خۆیانەوە، هەروەها هیچ نەزمێکی نوێ لە ناوچەکەدا، بەبێ مسۆگەرکردنی پێگەیەکی شایستە بۆ کورد، جێگیر نابێت.
پژاک جەختی کردووەتەوە: لە بەرژەوەندی هەموو گەلان و وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەت ئێراندایە، تەواوی مافەکانی کورد بە فەرمی بناسن، چونکە هیچ ڕێگەیەکی دیکە بۆ ژیانی دیموکراسیانە و ئاشتییانە نییە، جگە لە ناسینی مافە ڕەواکانی گەلی کورد.