کۆشکی سپی لە ڕێگەی کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکییەوە ڕایگەیاند، گەرووی هورمز هێشتا بە ڕووی هاتووچۆدا کراوەیە، لە کاتێکدا گەمارۆدانی دەریایی ئەمریکا بە تەواوەتی بەردەوامی هەیە.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد، لە سەردەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد تڕەمپدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووەتە گەورەترین بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری نەوت و گاز لە سەرانسەری جیهاندا. بەپێی گوتەی سەرچاوەکە، تۆمارکردنی ئەم ئاستە بەرزەی بەرهەمهێنان ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لە بەهێزکردنی سەربەخۆیی ئابووریی وڵاتەکە لە سێکتەری وزە و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشی نەتەوەییدا.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەدا هاتووە، ئەو کردەوانەی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە گەرووی هورمزدا ئەنجام دەدرێن، پێویستیی هاوپەیمانەکانی ئەمریکای دەرخستووە بۆ وەبەرهێنان لە سەرچاوەی ئارام، کەمخەرجی و متمانەپێکراوی وزەدا، هاوکات هەنگاونان بەرەو دروستکردنی هاوبەشیی نوێ لەگەڵ واشنتن لە پێناو پاراستن و سەقامگیریی ئاسایشی وزەی جیهانی.