ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد پەردەی لەسەر گرژییەکانی تورکیا و ئیسرائیل لابردووە، هەردوو وڵات لەبارەی بوونی سەربازیی لەیەکتر پەستن و ناکۆکییەکانیان پەلی کێشاوە بۆ گرژیی سەربازیی.
هێرشەکەی دوێنێی ئیسرائیل بۆسەر بنکەی ئاسمانیی ئەبو زەهور کاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، ئیسرائیل هەڕەشە لە تورکیا دەکات لەبارەی بەکارهێنانی خاکی سوریا بۆ دروستکردنی مەترسیی ئەمنی لەسەر ئیسرائیل. تورکیاش دەڵێت، هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ سوریا بەردەوامن.
ناکۆکییەکای ئیسرائیل و تورکیا پەلی کێشاوە بۆ گرژیی سەربازیی.
دوێنێ ئیسرائیل بە 8 بۆمب لە هێڵی فڕین و چەند کۆگایەکی بنکەی ئاسمانیی ئەبو زەهوری دا کە 45 میل لە سنووری تورکیاوە دوورە
هێرشەکە پێشهاتێکی ترسناکە و هۆشداریی لەبارەی پەرەسەندی گرژییەکان دەدرێت.
نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکەوە دەڵێت، تەلئەبیب ڕێگە بە هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی نادات، دیمەشق بە رێگەدان بە جێگیربوونی هێزەکانی تورکیا لە بنکەیەکی ئاسمانیی نزیک حەلەب، لە لێواری بەزاندنی رێککەوتنی ئەمنیی ئیسرائیل و سوریایە.
دەشڵێت، ئیسرائیل بە بەردەوامی هۆشداریی داوەتە دیمەشق؛ جێگیرکردنی هێزەکانی تورکیا هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل، بەڵام دیمەشق ئاگادارییەکانی ئیسرئیلی پشتگوێ خستووە. هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر پێگە سەربازییەکانی تورکیا یەکەم جار نییە ڕوودەدات.
لەسەرەتای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی سوریا، ئیسرائیل هۆشداریی و هەڕەشەی جێگیرکردنی سوپای تورکیا لەنێو خاکی سوریا دەدات. تەلئەبیب ترسی هەیە، تورکیا بنکە سەربازییەکانی بۆ دروستکردنی هەڕەشەی ئەمنیی بۆسەر ئیسرائیل و چاودێرییکردن و سیخوڕی کردن بەکاربهێنێت.
لەو بارەیەوە، تورکیا وەڵامی ئیسرائیلی داوەتەوە سەرۆکایەتی تورکیا دەڵێت، ئەنقەرە بەردەوامە لە هەمانگییەکانی لەگەڵ دیمەشق و تۆمەتەکانی تەلئەبیب تەنها بەهانەن.
ماڵپەری ئاکسیۆسی ئەمریکی دەڵێت، ئیسرائیل بەرپرسانی کۆشکی سپی ئاگادارکردووەتەوە، کە هێرشەکە بە مەبەستی رێگریکردن بووە لەوەی تورکیا سیستمی چەکی پێشکەوتوو بگەیەنێتە ئەو بنکەیە و بوونی سەربازیی خۆی لە نزیک حەلەب و سنوورەکانی بەرفراوان بکات.
باسی لەوەشکردووە، واشنتن، داوای دانبەخۆداگرتنی لە سوریا کردووە بەرانبەر هێرشەکانی ئیسرائیل. هەروەها، تۆم باراک، باڵیۆزی تورکیا و نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ سوریا و عێراق ڕایگەیاند، هێرشەکە پەرەسەندنێکی بێپێویستە و خزمەت بە سەقامگیری ناکات.
لەسەرەتای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدە، ناکۆکیی و گرژییەکانی نێوان ئەنقەڕە و تەلئەبیب پەرەی سەندووە، بەتایبەت لەدوای هەوڵەکانی ئەنقەرە بۆ جێگیرکردنی سوپای وڵاتەکەی لەنێو سوریا.
ئیسرائیل، پێی وایە، بوونی سەربازیی تورکیا لەنێو سوریا و هاوسنووی ئیسرائیل، مەترسیی ئەمنی پێ دەگەیەنێت و بەرژەوەندییەکانی تەلئەبیب لە سوریا و ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.