لەم دوو ڕۆژەی ڕابردوودا، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەواهیدەری جموجۆڵێکی سەربازیی نائاسایی و چڕی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەتی، کە بە بڕوای چاودێران ئەمە ئامادەکارییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی فراوان یان ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران.
چەند سەرچاوەیەکی جیهانی ئاشکرایان کرد، دەیان فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازیی ئەمریکی لە جۆری C-17 لە نێوان بنکەکانی ناوچەکە و ئەوروپادا لە هاتوچۆدان. ئەم دیمەنانە هاوشێوەی ئەو ئامادەکارییە سەربازییانەن، کە پێشتر واشنتۆن بۆ ئەنجامدانی هێرش و چەسپاندنی بەرگریی ئاسمانی دژی ئێران ئەنجامی دابوون. هەروەها ئاماژە بە فڕینی بەردەوامی فڕۆکە بارهەڵگرەکان لە بنکە سەربازییەکانی عەممانەوە دەکرێت کە بەرەو ئەوروپا دەچن.
لەلایەکی دیکەشەوە، ڕۆژنامەی (ئەخبار)ی لوبنانی بڵاوی کردەوە، چەندین کەشتیی جەنگیی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە کەناراوەکانی لوبنان جێگیر کراون، لەوانە تێکشکێنەری ئەکوینتینی فەڕەنسی، دارینگی بەریتانی، و چەندین تێکشکێنەری ئەڵمانی و ئیتاڵیی جۆری ئاندۆرا دۆریا.
بەرپرسانی ئەمنی ناوچەکە لەبارەی ئەم جوڵانەوە ئاماژەیان بەوە داوە، ئەم کەشتییە دەریاییە جەنگیانە وەک ڕێوشوێنێکی بەرگری بۆ پاراستنی ئیسرائیل و ئامادەکاری بۆ هەر شەڕێکی هەرێمی ڕەوانە کراون و گوتیان: "مەزندە دەکرێت ناوچەکە چوبێتە قۆناغی هێمنی پێش زریان و ئاستی گرژییەکان گەیشتبێتە لوتکە".