محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامێکی پیرۆزباییدا بەبۆنەی هەڵبژاردنی نزار ئامێدی، وەک سەرۆککۆماری عێراق ڕایگەیاند، هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی ڕێڕەوی بەردەوامیی دیموکراسی و تەواوکردنی ڕێکارە دەستوورییەکان و ڕێزگرتنیشە لە ئیرادەی گەل.
سودانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیوویەتی، چاوەڕوانی تەواوکردنی ڕێکارەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێن، پێویستە حکومەتێک بێت بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانیی و پێگەی نێودەوڵەتیی عێراق بچەسپێنێت، بەرەنگاری ئاڵنگارییە ناوخۆییەکان ببێتەوە و وڵات بە دامەزراوەیی بکات و چەکیش بگەڕنێتەوە ناو دەستی دەوڵەت.
هەروەها هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پەیامی پیرۆزباییدا لە ئێکس گوتوویەتی، هەڵبژاردنی نزار ئامێدی شایستەیەکی دەستوورییە و جەختکردنەوەیە لە ڕێزگرتن لەو ڕێڕەوە یاساییانەی کە وڵاتی پێدا تێدەپەڕێت، ستایشی ڕۆڵی پەرلەمانتارانیشی کرد کە توانییان بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەکانیان لەئەستۆ بگرن و پڕۆسەی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار بە سەرکەوتوویی بەئەنجام بگەیەنن.