سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی توند دەداتە ئێران و ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی سووربوونی ئێران لەسەر هیچ سازش نەکردنێک لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بیر لە بژاردەی هێرشی سەربازی دەکاتەوە.
ماڵپەڕی (ئاکسیۆس) لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترامپ دەیەوێت لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکەوە کۆتایی بە شەڕ و گرژییەکان بهێنێت، بەڵام ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانی واشنتۆن لەلایەن ئێرانەوە، وایکردووە بژاردەی سەربازی وەک کاری لە پێشینە بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
بڕیارە ڕۆژی سێشەممە، ترامپ لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئاسایشی نیشتمانی کۆببێتەوە، بۆ تاوتوێکردنی بژاردەی هێرشی سەربازی دژی ئێران. ترامپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاکسیۆسی ڕاگەیاندووە: "کات بۆ ئێران خەریکە تەواو دەبێت، ئەگەر ڕژێمی ئێران پێشنیازێکی باشتر نەکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، ئەوا گورزێکی زۆر بەهێزتریان بەردەکەوێت".
دۆناڵد ترامپ، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس سۆشیاڵ پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "کات بەرەو کۆتایی دەچێت و پێویستە ئێران بە خێرایی بجوڵێت، دەنا هیچ شتێکیان بۆ نامێنێتەوە، کات لێرەدا ئامرازی یەکلاکەرەوەیە". هەروەها وێنەیەکی خۆی بڵاوکردووەتەوە، کە زریانێکی گەورە و کەشتی جەنگی لەپشتە و لەسەری نووسیوە: "هێمنی پێش زریان".
سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی (BFM)ی فەڕەنسی جەختی لەوە کردەوە، هەرچەندە ئێرانییەکان ئارەزووی ڕێککەوتن دەکەن، بەڵام گوتی: "ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن، ئێران ڕووبەڕووی کاتێکی زۆر خراپ دەبێتەوە".