ڕاستەوخۆ

پارتەکانی رۆژئاوای کوردستان: شێوازی پێکهێنانی ئەنجوومەنی گەل دیموکراسییانە نییە و مافی کورد پێشێل دەکات

reset font size increase font size

لە ڕاگەیاندراوێکدا، ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕەخنەی توند لە ڕێوشوێنی پێکهێنانی ئەنجوومەنی گەل (پەرلەمانی سوریا) لە پارێزگای حەسەکە و کۆبانێ دەگرن و بە هەنگاوێکی نادیموکراسی و دوور لە بەشداریی نیشتمانیی ڕاستەقینە پێناسەی دەکەن.

ئەمڕۆ، پارتە کوردییەکانی واژۆکاری ڕاگەیاندراوەکە، گوتیان، ئەو بڕیار و ڕێکارانەی بۆ دیاریکردنی نوێنەرانی ئەنجوومەنی گەل لەو ناوچانە گیراونەتە بەر، بوونەتە هۆی دروستبوونی ترس و نیگەرانییەکی زۆر لای پێکهاتەکانی سووریا، بەتایبەتی گەلی کورد. ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەو شێوازە پشت بە دانان و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبەستێت، نەک ئیرادەی ئازادی هاووڵاتییان و سندووقەکانی دەنگدان.

لە بەشێکی ڕاگەیاندراوەکەدا، کە ئاژانسی (نۆرس پرێس) بڵاوی کردووەتەوە، پارتەکان دەڵێن: "ئەو ڕێژە کەمەی بۆ نوێنەرایەتیی کورد دیاری کراوە، لەگەڵ قەبارە و ڕۆڵی نیشتمانییان لە سووریا یەک ناگرێتەوە، هەروەها شێوازی دیاریکردنی کاندیدەکان بەبێ گەڕانەوە بۆ ئیرادەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینەی گەلی کورد بووە".

پارتەکان لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەیاندا جەختیان لەوە کردووەتەوە: "کێشەی کورد لە سووریا تەنیا دیاریکردنی چەند کورسییەکی پەرلەمان نییە، بەڵکو کێشەی گەلێکە، کە لە سادەترین مافە نەتەوەییەکانی بێبەش کراوە و پێویستە ئەم پرسە لە چوارچێوەی دانپێدانانی دەستووری بە گەلی کورد و مافەکانیدا چارەسەر بکرێت".

هاوکات، داوای دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسیی نیشتمانیی گشتگیری کردووە بە چاودێریی وڵاتان و پشت بەستن بە بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەتایبەت بڕیاری (2254)، بە مەبەستی پێکهێنانی دەسەڵاتێکی ڕاگوزەر و داڕشتنی دەستوورێکی نوێ، کە مافی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بپارێزێت بۆ زەمینەسازیی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.

ئەنجوومەنی گەلی سووریا (پەرلەمان) لە 250 کورسی پێکدێت، بەڵام لەدوای دەستپێکردنی قەیرانی سووریاوە لە ساڵی 2011ەوە، زۆربەی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەو ئەنجوومەنەیان کردووە.

باشوری کوردستان
نوچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.