لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە قسەکانی هونەرمەند مەم ئارارات، دامەزراوەی بەرهەمهێنانی کۆم میوزیک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕەتیکردەوە مافی هیچ هونەرمەندێکیان پێشێل کردبێت، هاوکات داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی کرد لە چوارچێوەی یاسا و لەسەر مێزی گفتوگۆ.
دوای ئەوەی ڕۆژی 15ی ئایاری ئەمساڵ، گۆرانیبێژی کورد مەم ئارارات لە ڕێگەی هەژمارەکانی خۆیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە دژی کۆمپانیای کۆم میوزیک پەیامێکی بڵاوکردەوە، ئەمڕۆ دامەزراوەکە بە فەرمی وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دایەوە و ڕایگەیاند، ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە ڕاست نین.
لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆم میوزیکدا هاتووە: "سەرباری ئەوەی پێشتر چەندین جار هەوڵمان داوە زەمینەیەک بۆ گفتوگۆ بڕەخسێنین، بەڵام ئەو پەیامانەی بڵاو دەکرێنەوە دوورن لە ڕاستییەوە. ئێمە لە سەرەتاوە گوتوومانە و جەختیشی لێ دەکەینەوە، نابێت بە پشتبەستن بە بابەتی کەسی و لێدوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مامەڵە بکرێت، بەڵکو دەبێت بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی هاوبەش مامەڵە بکرێت".
سەبارەت بە کێشەی مافی خاوەندارێتیی بەرهەمەکان، دامەزراوەکە ئاشکرای کردووە، لایەنی بەرامبەر دەیەوێت بەبێ هیچ ڕێککەوتن و دانوستانێک و بە شێوەیەکی تاکلایەنە مافەکانی پێ بدرێت و لەم بارەیەوە دەڵێت: "بوونی مافێک یان گواستنەوەی، بە شێوەیەکی تاکلایەنە دیاری ناکرێت، بەڵکو بە بەڵگەی یەکلاکەرەوە و لەسەر مێزی گفتوگۆ و لە چوارچێوەی یاسادا یەکلایی دەکرێتەوە. ئەو جۆرە دەربڕینانەی، کە دەڵێن دەرگاکان بۆ هەمیشە داخراون، تەنیا هەوڵێکن بۆ ورووژاندنی ڕای گشتی دژی کۆم میوزیک".
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا، دامەزراوەکە بەرگری لە (ئەردال ئاڤجی)، کارمەندی پێشوویان کردووە و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون، بە چەواشەکاری و دوور لە نیازپاکی پێناسە کردووە.
کۆم میوزیک (KOM Muzîk) یەکێکە لە کۆنترین دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی میوزیکی کوردییە، لە باکووری کوردستان و لە ساڵی 1997 لە ئامەد دامەزراوە.