لە پێشهاتێکی نوێدا، شاندەکانی دانوستانکاری ئەمەریکا و ئێران گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک لەسەر یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی 60 ڕۆژە و تەنیا واژۆی سەرۆکی ئەمەریکای ماوە.
ماڵپەڕی 'ئاکسیۆس'ی ئەمەریکی لە زاری دوو بەرپرسی ئەمەریکی و سەرچاوەیەکی ناوچەییی نێوەندگیرەوە ئاشکرای کرد؛ هێزەکانی ئەمەریکا و ئێران گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هێشتا ڕەزامەندیی کۆتایی لەسەر نەداوە و واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەیەش وەک گەورەترین پێشکەوتنی دیپلۆماسی لە دوای دەستپێکردنی شەڕەوە سەیر دەکرێت.
بەرپرسی شاندی دانوستانکار، لەبارەی ناوەڕۆکی یاداشتنامەکەوە ڕایگەیاند، بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە پێویستە هاتوچۆی کەشتیوانی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بە تەواوی و بەبێ هیچ ڕێگری و باجێک ئازاد بێت، گوتیشی: "پێویستە ئێران لە ماوەی 30 ڕۆژدا تەواوی ئەو مینانەی لە گەرووەکەدا چاندوونی لایانببات، لە بەرانبەریشدا گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا هاوتەریب لەگەڵ گەڕانەوەی کەشتیوانیی بازرگانی لادەبرێت".
سەرچاوە نێوەندگیرەکە ڕاشیگەیاند: "ئێران پابەند دەبێت بەوەی کە بەدوای چەکی ئەتۆمیدا نەچێت، یەکەمین دۆسیەش چۆنێتیی مامەڵەکردن دەبێت لەگەڵ یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئاست بەرزی ئێران. لە کاتێکدا ئەمەریکا بەڵێم دەدات گفتوگۆ لەسەر سووککردنی سزاکان، ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان و گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ تاران بکات".
بەرپرسانی ئەمەریکی جەختیان لەوە کردەوە، مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە تا ڕۆژی سێشەممە یەکلایی کرابوونەوە و لایەنی ئێرانی ڕایگەیاندووە، کە ڕەزامەندیی سەرکردایەتیی باڵای وڵاتەکەیان وەرگرتووە، گوتیشیان: "کاتێک دۆناڵد ترەمپ لە وردەکارییەکان ئاگادار کراوەتەوە، ڕاستەوخۆ واژۆی نەکردووە و پێویستی بە چەند ڕۆژێکە بۆ بیرکردنەوە، هیچ ڕێککەوتنێکی نهێنی یان لاوەکیش لەسەر سووککردنی سزاکان لەئارادا نییە و هەموو شتێک بەندە بە ئاستی پابەندیی ئێرانەوە".