لە چوارچێوەی سەردانەکانی شاندی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی تورکیا بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە، شاندێکی ئەو پارتە سەردانی ناوەندی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئەنقەرە کرد.
شاندەکەی ئاکەپە بە سەرۆکایەتیی ڕەسول کورت، پەرلەمانتاری سەمسور بوو و لەلایەن خەدیجە بەتول چەلەبی، یاریدەدەری هاوسەرۆکانی دەم پارتی پێشوازییان لێکرا. لە دوای دیدارەکەش، هەردوولا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکیان خستە سەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ئاشتی لە وڵاتدا.
خەدیجە بەتول چەلەبی ڕایگەیاند، پڕۆسەی ئاشتی بە قسەیەک دەستی پێکرد، بەڵام بەردەوامییەکەی بە تەواوی پەیوەستە بە هەنگاوە یاساییەکانەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا تورکیا لەبەردەم هەلێکی مێژووییدایە و پێویستە بە باشی بەکاربهێنرێت، بەتایبەت لە دۆخێکی وەهادا کە ئاگری شەڕ لە ناوچەکەدا پەرەی سەندووە، بۆیە جەختی کردەوە، کە دەبێت هەنگاوە یاساییەکان بەخێرایی جێبەجێبکرێن و پێگەی ئۆجالان دیار بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، ڕەسول کورت، سەرۆکی شاندەکەی ئاکەپە ڕایگەیاند، پڕۆسەی چارەسەری لە کاتێکی گونجاودا دەستی پێکردووە و لە ئێستاشدا بەردەوامە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، حکومەت و ئاکپارتی لە هەوڵدان بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بگاتە سەرکەوتن، چونکە پێیان وایە پڕۆسەی چارەسەری دەتوانێت ئارامی، ئاسایش و برایەتی بۆ تەواوی تورکیا مسۆگەر بکات.