وەزارەتی دەرەوەی کوێت بە توندی سەرکۆنەی هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی ئێرانی بۆ سەر خاکەکەی کرد و ڕایگەیاند، ئەم دەستدرێژییە ئاینی و ئەخلاقییانە تەواوی هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە ناوچەکەدا لەباردەبەن. هاوکات ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ کوێت و هەر ڕێکارێک، کە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی خۆی دەیگرێتەبەر دەربڕی و هێرشە بەردەوامەکانی ئێرانی بە غەدر و نامەردانە ناو هێنا.
شانشینی سعودیەش بە توندی سەرکۆنەی هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی ئێرانی بۆ سەر کوێت کرد. وەزارەتی دەرەوەی سعودیە جەختی کردەوە، وڵاتەکەی بە تەواوی ڕەتیدەکاتەوە سەروەریی دەوڵەتان پێشێل بکرێت و ئاسایشی ناوچەکە بخرێتە مەترسییەوە. ڕاشیگەیاند، ڕیاز بە حکومەت و گەلەوە هاوسۆز و هاوپەیمانی کوێتە و پشتگیری لە هەر بڕیارێک دەکات، کە کوێت بۆ پاراستنی سەروەری و توندکردنی ئاسایشی خۆی بیگرێتەبەر.
لەوبارەیەوە سوپای ئەمریکاش ڕایگەیاند، ئێران موشەکێکی بالیستیی ئاراستەی کوێت کردووە، بەڵام لەلایەن هێزەکانی بەرگریی کوێتەوە بە سەرکەوتوویی تێکشکێندراوە، هاوکات هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە پێنج درۆنی ئێرانی لە گەرووی هورمز بتەقێننەوە، کە مەترسییەکی ڕوون بوون بۆ سەر ناوچەکە. سوپای ئەمریکا جەختی کردەوە، بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە هێز و بەرژەوەندییەکانی.
لەنێوخۆی ئێرانیشدا، مجتەبا خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیامێکی نووسراودا داوای لە دەسەڵاتی یاسادانانی وڵاتەکەی کرد، بەپەلە بجوڵێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانی خەڵک. ناوبراو داوای لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان کرد پێکەوە کاربکەن بۆ چەسپاندنی دروشمی ئابووریی خۆڕاگری و پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانی، هەروەها هۆشداریی دا بە بەرپرسان، کە بەرژەوەندیی نیشتمانی بخەنە پێش بەرژەوەندیی کەسی و ڕێگری لە لێکترازان و پەرتەوازەیی کۆمەڵایەتی بکەن.