شەهرام ئێرانی، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای ئێران، لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای لەبارەی سەپاندنی گەمارۆی دەریایی تەواوەتی بەسەر ئێراندا ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، دوژمن ڕاست ناکات.
شەهرام ئێرانی پێداگری کرد، کە کەشتییەکانی ئێران بە بەردەوامی بەندەرەکان جێدەهێڵن و بارەکانیان دەگوازنەوە و گوتی: "ئەگەر گەمارۆ سەپێندراوە، ئەی ئەو کەشتییانەی ئێران بۆ کوێ دەچن؟".
فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای ئێران جەختی کردەوە، گەرووی هورمز بە تەواوی لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ئێراندایە و هۆشداری دا، ناوچەکە وەک شوێنی مەرگی دوژمن وایە و لە داهاتوویەکی نزیکدا وانەیەک بە دوژمنان دەدەن.
شەهرام ئێرانی ئاماژەی بەوە کرد، هیچ جیاوازییەک لە نێوان سوپا، سوپای پاسداران، بەسیج و پۆلیسدا نییە و تەواوی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن هاودەنگ و بەهێزن.