بڕیاره سبه‌ی سه‌عات 1:00ـی پاشنیوه‌ڕۆ، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی دایكانی ئاشتی له چەند شارێکی باكوری كوردستان و توركیا، له‌وانه‌ش ئامه‌د، ئیستەنبوڵ، وان، ئێلح، جۆلەمێرگ، تاتوان، ڕحا، ئه‌ده‌نه، مێرسین و ئیزمیر، له به‌رده‌م زیندان و شوێنه دیاریكراوه‌كاندا، بە دروشمی "گەورەترین دیاری بۆ دایکان ئاشتییە" چالاکی ئەنجام بدەن.
ئه‌نجومه‌نی دایكانی ئاشتی سه‌باره‌ت به ئامانجی چالاكییه‌كه‌یان ڕایگه‌یاند، ئه‌وان داوای هه‌نگاوی کردەیی له حکومەت ده‌كه‌ن و گوتیان: "داواكاری سه‌ره‌كی ئێمه چه‌سپاندنی ئاشتی، جێبه‌جێكردنی مافی هیوا و ده‌ستپێكردنی پڕۆسه‌یه‌كی یاساییه، كه كۆتایی به گرژییه‌كان بهێنێت."
دایكانی ئاشتی راشیانگه‌یاند: "پێویسته حکومەت چیتر كات به‌فیڕۆ نه‌دات و هه‌نگاوی یاسایی بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه بنێت، چونكه دایكان چاوه‌ڕێی هه‌واڵی ئاشتی و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامین."
به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، ئه‌نجومه‌نی دایكانی ئاشتی، كه له ساڵی 1999ـەوە دامه‌زراوه، تا ئێستا سه‌دان چالاكییان بۆ هێنانه‌كایه‌ی ئاشتی و كۆتایهێنان به شه‌ڕی ناوخۆیی ئه‌نجامداوه.
دایكانی ئاشتی سبه‌ی له 33 شارەوە په‌یامی ئاشتی ڕاده‌گه‌یه‌نن
ئه‌نجومه‌نی دایكانی ئاشتی به مه‌به‌ستی فشارخستنه سه‌ر حکومەتی تورکیا بۆ هەنگاوی کردەیی، سبه‌ی یەکشەممە له 33 شوێنی جیاواز چالاکی ئەنجام دەدەن.