سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەنگۆی بەشداریی چەکداریی کوردانی ڕۆژهەڵات لە ناو خاکی هەرێمەوە ڕەتدەکاتەوە، دەڵێت، هەر جووڵەیەکی لەو شێوەیە زیان بە دۆزی کورد دەگەیەنێت.
بافڵ تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی، دەڵێت: هیچ ئۆپەراسیۆنێکی چەکداریی سنوربڕ لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە بەرەو ئێران ئەنجام نەدراوە. جەختیشی کردەوە، کە ئەم جۆرە کارانە زیانبەخشن و دەبنە هۆی ئەوەی خەڵکی ئێران لە دەووری حکومەتەکەیان یەکبگرن دژی بزووتنەوە جوداخوازییەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر دەستوەردانێکی هێزە کوردییەکان لەم جەنگەدا، تورکیا تووشی نیگەرانیی دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی ئەنقەرە دژی هێزە کوردییەکان بجووڵێتەوە. دەشڵێت، دۆخەکە زۆر ئاڵۆزە و نابێت کورد بکرێتە "سەری ڕمی" ئەم ململانێیە، چونکە پێکهاتەی ئێران فرەڕەهەند و ئاڵۆزە.
بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەش کردووە: کوردستان لە چەندین لایەنی جیاوازەوە کەوتووەتە بەر هێرش و تاوەکو ئێستاش هیچ ئاماژەیەک بۆ هێوربوونەوەی دۆخەکە نابینرێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە، گرژییەکان لە زیادبووندان و پێویستە کوردستان ببێتە "پردێک" بۆ چارەسەری نەک گۆڕەپانی جەنگ.
بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، "پیویستە کوردستان ڕۆڵی پردێک بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی گەلان ببینێت، نەک ببێتە سەنگەرێک کە ململانێی نێوان دەوڵەتە زلهێزەکانی تێیدا ئەنجام بدرێت."
دەشڵێ: سەرەڕای هێرشی بەردەوام و زیادبوونی گوشاری سیاسی بۆ سەر ئێران لەلایەن وڵاتانی نێودەوڵەتییەوە، پێناچێت لە ئایندەیەکی نزیکدا گۆڕانکارییەکی سیاسی گەورە و گۆڕانی ڕژێم لە ناوخۆی ئێراندا ڕووبدات.