ڕۆژی 1ی ئایار لە گوندی سارنجا دەقورییای سەر بە شاری عامودێ، دوو کۆبوونەوەی خێڵەکانی ناوچەکە بەڕێوەچوو. ئەمەش دوای ئەوەی لە 24ـی نیسان، ڕیشسپی و شێخانی خێڵە کورد، عەرەب و سریانییەکان کۆبوونەوە و هەڵوێستی هاوبەشی خۆیان دژی ئەو لایەنانە نیشاندا، کە هەوڵی دروستکردنی دووبەرەکی و ئاژاوە لە ناوچەکەدا دەدەن.
شێخ زیاد فەرحان ئەلتائی، شێخی عەشیرەتی (ئەلتەی)، سەبارەت بە گرنگیی ئەم یەکڕیزییە ڕایگەیاند، "حکومەتەکان دەگۆڕێن، بەڵام گەل دەمێنێتەوە و ئەرکی هەموومانە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان بپارێزین". گوتیشی، "ئێمە یەک گەلین و خاکمان یەکە، پێویستە تا تێپەڕاندنی ئەم تەنگژەیە، یەکگرتوو بین و ڕێگە نەدەین کەس دووبەرەکی بخاتە نێوانمانەوە".
شێخی خێڵیی ئەلتائی راشیگەیاند: "پەیوەندیی پێکهاتەکانی سوریا زۆر قوڵە و ساڵانێکی درێژە پێکەوە دەژین، هەر لایەنێکیش بیەوێت قەیران لە وڵاتەکەماندا دروست بکات، بە توندی لە بەرانبەری دەوەستینەوە".
شێخی عەشیرەتی ئەلتەی جەختی لەوە کردەوە، ژیانی هاوبەشی پێکهاتەکان تێک ناچێت و گوتی، "خەڵکی ناوچەکە لە هەموو بارودۆخێکدا وەک خوشک و برا و دراوسێی یەکدی دەمێننەوە و پێکەوە بەرگری لە ئارامیی ناوچەکە دەکەن".
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا خێڵە کورد و عەرەبەکان توانیویانە لە ڕێگەی کۆبوونەوەی خێڵەکییەوە، زیاتر لە 40 کێشەی گەورەی نێوان پێکهاتەکان چارەسەر بکەن و ڕێگە لە پەرەسەندنی گرژییەکان بگرن.
کورد و عەرەبەکانی ڕۆژاڤای کوردستان بۆ بەرگرتن لە ئاژاوە کۆبوونەوە
پێکهاتەکانی ڕۆژاڤای کوردستان، بەتایبەت خێڵە کورد و عەرەبەکان، بە ئامانجی پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و ڕێگریکردن لە شەڕی ناوخۆ، چەند کۆبوونەوەی فراوانیان ئەنجامدا.