کۆمپانیا گەڵف کیستۆنی بەریتانی ڕایگەیاند، دەستیان بە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی شێخان لە پارێزگای دهۆک کردووەتەوە و بەرهەمهێنانی ڕۆژانەیان لە ئێستادا نزیک دەبێتەوە لە ٤٠ هەزار بەرمیل نەوت.
کۆمپانیای گەڵف کیستۆن یەکێکە لە کۆمپانیاکانی بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان، راپۆرتی دارایی و کارپێکردنی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026ی بڵاوکردەوە و دەڵێت، دوای ڕاگرتنی کارەکانیان لە 20ـی تەمووزی ئەمساڵ، سەرلەنوێ دەستیان بە کارکرن کردووەتەوە و سەرەڕای ئاستەنگە ئەمنییەکانی ناوچەکە و ڕاگرتنی کاتیی بەرهەمهێنان، توانیویانە پارێزگاری لە سەقامگیریی داراییان بکەن.
کۆمپانیاکە دەڵێ، تێکڕای بەرهەمهێنانی رۆژانە لە شەش مانگی یەکەمی 2026دا نزیکەی 14 هەزار و 600 بەرمیل بووە، لە 16ی ئابەوە بەرهەمهێنان لە کێڵگەی شێخان دەستیپێکردووەتەوە و لە ئێستادا قەبارەی بەرهەمهێنان لە 40 هەزار بەرمیلی رۆژانە نزیک دەبێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ڕێککەوتنە کاتییەکانی تایبەت بە هەناردەکردنی نەوت کە لە نێوان کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان، حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرابوون بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە و تاوەکو کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2027 درێژکراوەتەوە.
لە ماوەکانی ڕابردوودا بەهۆی ئاڵۆزییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکەوە کۆمپانیای گەڵف کیستۆن و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی دیکە کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان ڕاگرت.