وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی ڕاوێژکارانی یەکێتیی ئەوروپا، پڕۆژەی چاکسازیی لە پۆلیسی نیشتمانیی کوردستان خستە بواری جێبەجێکردنەوە.
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، دەیانەوێ لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە فەلسەفەی کاری پۆلیس بگۆڕن و متمانەی هاوڵاتیان بەو دامەزراوەیە بەهێز بکەن.
دەشڵێت یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی پرۆژەکە، بەرزکردنەوەی ئاستی پیشەیی و پێداچوونەوەیە بە پەیکەری دامەزراوەیی پۆلیسدا، بۆ ئەوەش بنکەیەکی نمومنەییان لە سلێمانی بەسەرکردووەتەوە و سیمبولی شینیان بەخشییە ٣٥ ڕاهێنەر لە ئەکادیمیای سەرکردایەتی.
ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، وەکو هەنگاوی داهاتوو، بە سەرپەرشتی وەزارەتی ناوخۆ و پاڵپشتی دەستەی ڕاوێژکارانی یەکێتی ئەوروپا، لە کۆتایی ئەم مانگەدا دایەلۆگێکی سێ ڕۆژە لە هەولێر لەنێوان سەرکردەکانی پۆلیسی هەرێم و ڕاوێژکارانی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت بۆ دیاریکردنی هەنگاوە کردارییەکانی چوار ساڵی داهاتوو.