غەریب حەسۆ، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) لە ڕۆژئاوای کوردستان، ڕەخنەی توندی لە پرۆسەی هەڵبژاردن و پێکهاتەی ئەنجوومەنی گەلی سووریا (پەرلەمان) گرت و ڕایگەیاند، ئەم ئەنجوومەنە درێژکراوەی هەمان عەقڵییەتی ناوەندگەرا و سیاسەتی دەستنیشانکردنی پێشووە و بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلی سوریا ناکات.
هاوسەرۆکی پەیەدە ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتێکدا بڕیار بوو قۆناغی ڕاگواستنی سیاسی ببێتە بنەمایەک بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاسایش تاوەکو ڕێگە بۆ هەڵبژاردنێکی دیموکراتیک خۆش ببێت، بەڵام بەردەوامیی گرژی و دابەشکارییەکان نیشانەی نەبوونی ژینگەیەکی گونجاون بۆ هەر گۆڕانکارییەک.
جەختیشی کردەوە کە پەرلەمانی ئێستا توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، چارەسەرکردنی پرسی چەکدارە بیانییەکان و نووسینەوەی دەستوورێکی دیموکراتیکی بۆ وڵاتەکە نییە.
غەریب حەسۆ: "ئەو کوردانەی لە ئەنجوومەنی گەلی سووریادان، نوێنەرایەتیی ئیرادەی سیاسی و خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ناکەن."
هاوسەرۆکی پەیەدە تیشکی خستە سەر پێگەی لایەنە کوردییەکان و هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و گوتی: "ئەو هێزە ڕاستەقینەیەی کە بە درێژایی شەڕی دژی داعش ناوچەکە و جیهانی پاراست، لەم ئەنجوومەنەدا بوونی نییە؛
لەبری ئەوان، کەسانێک لەوێ دانراون کە هیچ پێگەیەکی جەماوەری و نیشتمانییان نییە و ناتوانن گوزارشت لە خەباتی سیاسیی کورد بکەن."