دادگای تاوانەکانی دیمەشق بە شێوەی ئامادەنەبوو بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی سوریا، ماهر ئەسەدی برای و عاتف نەجیبی ئامۆزای دەرکرد، دوای ئەوەی بە ئەنجامدانی تاوانی کوشتن، ئەشکەنجەدان و پێشێلکاریی گەورە بەرامبەر هاوڵاتییانی سوریا تاوانبار کران.
ئم سزایەی کە بۆ بەشار ئەسەد دەرکراوە، دوای ڕووخانی دەسەڵاتەکەی دیت، کە لە کانوونی یەکەمی 2024 لەگەڵ خێزان و نزیکەکانی بەرەو رووسیا هەڵهات، ئەمەش دەبێتە یەکەم سزای قورس بۆ ڕژێمەکەیە ئەسەد لە سوریا، کە لەلایەن دەسەڵاتی کاتی سوریاوە دەردەچێت.
دادگا تۆمەتی کوشتن و ئەشکەنجەدانی بە ئەنقەستی بۆ ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتییان (لە ناویاندا منداڵان) بەسەردا ساغ کردەوە. جەختیش کرایەوە، ناوبراو دامودەزگاکانی دەوڵەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی بەکارهێناوە.
ماهر ئەسەدی براشی بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست، ئەشکەنجەدان و هاندانی تاوان تاوانبار کرا و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.
بەهۆی تاوانبارکردنی بە کوشتنی ئەنقەست و ئەشکەنجەدان لە کاتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی لقی ئاسایشی سیاسی لە پارێزگای دەرعا (کە لە ئازاری 2011دا ببووە مۆڵگەی دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان)، بڕیاری لەسێدارەدان بۆ عاتیف نەجیبیش دەرچوو.
دادگا جەختی کردەوە، ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان لەلایەن عاتیف نەجیبەوە لەگەڵ بەڵگە پێشکەشکراوەکاندا یەک ناگرێتەوە و تاوانەکانی بە تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لەقەڵەم دران.
هاوکات دادگای تاوانەکانی دیمەشق بڕیاری دا لە چوارچێوەی ڕێکارە یاساییەکاندا، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەدواداچوونی دادوەری بۆ دۆزینەوەی بەشار ئەسەد و ماهر ئەسەد بکات.