فەوجی ئاگرکوژێنەوەی ڕۆژئاوای کوردستان بە فەرمی کۆتاییهاتنی پلانی دۆخی لەناکاوی ڕاگرتنی ئاگرکەوتنەوەکانی ڕاگەیاند، کە تایبەت بوو بە پاراستنی دەغڵودان و بەرهەمی کشتوکاڵیی جووتیاران لە کاتی وەرزی دروێنەدا.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەوجەکە، ئێستا سەرجەم تیمەکانیان کێشراونەتەوە و گەڕاونەتەوە بۆ ناوەندە سەرەکییەکانی خۆیان لە شار و شارۆچکەکانی ڕۆژاوای کوردستان.
فەوجی ئاگرکوژێنەوە ئاماژەی بەوە کردووە، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەم پلانە فراوانەدا، 22 خاڵی گەڕۆک و جێگیریان لە ناوچە جیاجیاکاندا دامەزراندبوو بۆ ئەوەی لە کاتی ڕوودانی هەر ئاگرکەوتنەوەیەکدا دەستبەجێ بگەنە شوێنی مەبەست. بەڵام ڕوونیان کردووەتەوە، کە بەهۆی دۆخی کەشوهەوا، بەرزیی پلەکانی گەرما و هەڵکردنی بای بەهێز، بەشێک لە ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە کۆنترۆڵی تیمەکانیان دەرچوون و بوونە هۆی دروستبوونی زیانی گیانی و ماددیی بەرچاو لە بەرهەمی جووتیاراندا.
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی ڕۆژاوای کوردستان لە 4ی حوزەیرانی ئەمساڵدا دەستپێکردنی ئەم پلانە فریاگوزارییەیان ڕاگەیاندبوو، لەو چوارچێوەیەشدا بۆ پاراستنی دەغڵودانی دەڤەرەکە، هێز و ئەندامانی خۆیان بە شێوەیەکی چڕ لە شار و شارۆچکەکانی (قامیشلۆ، دێرک, گرکێ لەگێ، تربەسپی و چل ئاغا) جێگیر کردبوو تاوەکو وەرزی دروێنە بە سەلامەتی کۆتایی بێت.