سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایگەیاند کە بەهۆی پێگەی سروشتیی جوان و جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی خزمهتگوزاری، زاخۆ ئێستا بووەتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان.
لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئاماژەی بەوە دا که دوای بڕیاری دروستبوونی ئیدارەی سەربەخۆ، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتیان بە ناوچەکە داوە و لە ئەنجامدا زاخۆ پەرەسەندنی گەورەی لە هەموو بوارەکاندا بەخۆیەوە بینیوە.
گوهدار شێخۆ ئەوەشی خستە ڕوو که: "ئێستا زاخۆ بووەتە ناوەندێکی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان، ساڵانە ڕێژەیەکی زۆری گەشتیار سەردانی شاری زاخۆ و ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەکەمان دەکەن، تەنیا ساڵی ڕابردوو زیاتر لە یەک ملیۆن گەشتیار سەردانی زاخۆیان کردبوو."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ناوبراو جەختی لەوە کردەوە که بەهۆی ڕوودانی ئەم لێشاوی گەشتیارانە، کار لەسەر فراوانکردن و زیادکردنی پڕۆژە گەشتیارییەکان دەکەن بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەش بە سەردانیکاران بکرێت و حکومەتیش لەم پێناوەدا هیچ درێغییەک ناکات.