دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، بەهۆی تێوەگلانی لە تاوانی جینۆساید و تاوان دژی مرۆڤایەتی لە چوارچێوەی شاڵاوەکانی ئەنفال دژی گەلی کورد، سزای لەسێدارەدانی بۆ (عەجاج ئەحمەد حەردان) دەرکرد.
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیسی عەجاج ئەحمەد حەردان دا و سزای لەسێدارەدانی بۆ بڕییەوە. ئەم سزایە پاش ساڵانێک لە خۆحەشاردانی تۆمەتبارەکە دێت.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە ئابی ساڵی ڕابردوودا و پاش بەدواداچوونێکی ورد، کە شەش مانگی خایاند، توانییان شوێنی خۆحەشاردانی حەردان لە پارێزگای سەڵاحەدین ئاشکرا بکەن، لە کاتێکدا کەسوکاری پێشتر بانگەشەی مردنیان بۆ کردبوو تاوەکو لە یاسا ڕزگاری بێت.
دەزگای هەواڵگری عێراق راشیانگەیاند: "تۆمەتبارەکە لە میانی لێکۆڵینەوەکاندا دانی بەوەدا ناوە، کە ماوەی سێ ساڵ لە زیندانی 'نوگرە سەلمان' خزمەتی کردووە و تێیدا چەندین تاوانی وەک دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژنانی دەستگیرکراوی کورد، برسی کردنی زیندانییان و بەشداریکردن لە پڕۆسەکانی لەناوبردن (لە سێدارە دان) ئەنجامداوە، کە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئەوکاتەوە سەرپەرشتی دەکران".
دادگای تایبەتمەند جەختی لەوە کردەوە، کە سزای لەسێدارەدانەکە بە پشتبەستن بە دانپێدانانە ڕاشکاوەکانی تۆمەتبارەکە، گوتەی قوربانییان و داواکارانی مافی کەسی دەرکراوە. هاوکات بڕیارەکە وەک سزایەکی دادپەروەرانە پێناسە کراوە بەرامبەر بەو تاوانانەی لە چوارچێوەی شاڵاوەکانی ئەنفالدا، دەرهەق بە گەلی کورد ئەنجام دراون.
زیندانی 'نوگرە سەلمان' لە پارێزگای موسەننا، یەکێک بووە لە مەترسیدارترین ئەو شوێنانەی، کە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو هەزاران خێزانی کوردی تێدا دەستبەسەر کراوە و بەشێکی زۆریان بەهۆی ئەشکەنجە، برسییەتی و نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە یان ئەنفال کراون.