لە چوارچێوەی گفتوگۆکان لەسەر مافی ژنان و نوێنەرایەتیکردنیان لە ناوەندەکانی بڕیاردان، پارێزەرێک جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەهێزیی پێگەی ژن لە سیاسەتدا پەیوەستە بە ئاستی هۆشیاری و مەعریفەی نەک تەنها پڕکردنەوەی پۆستەکان.
لە کۆڕبەندێکی تایبەت بە پرسی ژن و سیاسەت، تیشک خرایە سەر ئەوەی, کە سەرەڕای هەبوونی ژنان لە وەزارەت و پەرلەمانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، هێشتا ئاستەنگە کلتووری و کۆمەڵایەتییەکان ڕێگرن لەبەردەم کاریگەریی ڕاستەقینەی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا.
پارێزەر پەیمان عیزەدین، لەبارەی شێوازی بەشداریی ژنان لە کایەی سیاسیدا ڕایگەیاند، متمانەبەخۆبوون ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ئاستی زانیاری و پاشخانە ڕۆشنبیرییەکەی هەر مرۆڤێک و گوتی: "ئەگەر کەسێک خاوەن بنەمایەکی بەهێزی مەعریفی و فکری بێت، هیچ لایەنێک ناتوانێت لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان ناوەندەکانی بڕیاردانەوە گوشاری بخاتە سەر و ئاڕاستەی بڕیارەکانی بگۆڕێت".
پەیمان عیزەدین راشیگەیاند: "لە ڕابردوودا بەشێک لە ژنان لە ڕێگەی پیاوانی ناو خێزانەکانیانەوە، کە لە پێگەی بڕیارداندا بوون، کاریگەرییان لەسەر سیاسەت هەبووە، بەڵام بۆ قۆناغی داهاتوو پێویستە ژنان بە ناسنامەیەکی سەربەخۆ و بە پشتبەستن بە توانستە زانستییەکانیان بەشداری لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی وڵاتدا بکەن".
چالاکوانانی بواری مافی ژنان جەختیان لەوە کردەوە، کە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر بەبێ بەشداریی ڕاستەقینەی ژنان مەحاڵە و گوتیشیان: "توێژینەوەکان دەریدەخەن، ئەو دامەزراوانەی ژنان تێیاندا چالاکن، لە چارەسەرکردنی کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا سەرکەوتووتر بوون".