بەهۆی شکستی سیستەمی بەرگری لە بەرپەرچدانەوەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەقینەوەی کۆگایەکی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، حکومەتی لاتیڤیا هەڵوەشایەوە و وەزیری بەرگری لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
میدیا فەرمییەکانی لاتیڤیا بڵاویانکردەوە, بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی توند لە نێوان دوو پارتی سەرەکیی هاوپەیمانی دەسەڵاتدار لەسەر پرسی پاراستنی ئاسمانی وڵات، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حکومەت دراوە. ئەم بڕیارە پاش ئەوە هات کە )سیلینا ئەندریس سپرودزی) وەزیری بەرگری لە کارەکەی دوورخرایەوە.
وەزیری بەرگریی لاتیڤیا لەبارەی دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی ڕایگەیاند، دۆخەکە پێویستی بە بەرپرسیارێتی هەبووە و گوتی: "ئەمە بڕیارێکی ئاسان نییە، بەڵکو بڕیارێکی دادپەروەرانەیە لە بەرامبەر ئەو کەلێنە ئەمنییەی دروست بوو".
میدیاکانی لاتیڤیا ئاماژە بەوە دەکەن، قەیرانەکە لە شەوی 7ی ئایاری 2026 دەستی پێکرد، کاتێک دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناو خاکی ڕووسیاوە هاتنە ناو ئاسمانی لاتیڤیا و یەکێکیان کۆگایەکی نەوتی لە شاری (ڕەزێکنە) تەقاندەوە. لاوازی سیستەمی بەرگری لە خستنەخوارەوەی ئەو درۆنانە، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی سیاسی و سەربازیی لە ناوخۆی ئەو وڵاتە لێکەوتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەندری سیبیگا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە بەهۆی کارلێکی سیستەمی جەنگی ئەلیکترۆنیی ڕووسیاوە ئاڕاستەیان گۆڕاوە و بە ئەنقەست بەرەو ناو خاکی لاتیڤیا ڕەوانە کراون تا لە ئامانجە سەرەکییەکانیان لە ناو ڕووسیا دوور بخرێنەوە.