فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرای دەکات، کە کارەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی یەکگرتن لەگەڵ دیمەشق بەردەوامن و باس لە ئەگەری سەردانێکی مێژوویی بۆ تورکیا دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (14) ی ئایاری (2026)، لە دیمانەیەکی تایبەت دا لەگەڵ ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتۆر"، مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند، کە هێزەکانیان و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا دا تێکەڵ دەکرێن، بە ئەو مەرجەی تایبەتمەندیی ناوچە کوردییەکان پارێزراو بێت.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕایگەیاند: "سەردانی ئەنقەرە لە قۆناغی ئامادەکاری دایە و ئەگەری دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان لە ئارادا هەیە".
لە بارەی پڕۆسەی یەکگرتنی هێزە ئەمنییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی سووریا گوتی: "بە پێی ڕێککەوتنەکە، نزیکەی (15) هەزار ئەندامی ئاسایش لە ناوچە کوردییەکان دەمێننەوە و لە ناو دەزگاکانی دەوڵەت دا جێگیر دەکرێن".
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕایگەیاندیش: "هەسەدە تا کۆتاییهاتنی پڕۆسەی یەکگرتنەوە وەک خۆی دەمێنێتەوە و دواتر هەڵدەوەشێتەوە، هەروەهایش مووچەی ئەو هێزانەی تێکەڵ کراون لە لایەن حکوومەتی سووریاوە دابین دەکرێت، ئەوانی تریش لە داهاتی نەوت و باجەکان دابین دەکرێن".
مەزڵوم عەبدی جەختی لە ئەو کردەوە، ئیدارەی ناوخۆیی دەبێت لە دەستی دانیشتووانی ناوچەکە دا بمێنێتەوە و ئاماژەی بە ئەویش کرد، کە دەروازەی نوسێبین بە ئەم زووانە دەکرێتەوە.
سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ ئەحمەد شەریع، سەرۆکی سووریا یش، گوتی: "هەوڵەکان بۆ سەرخستنی ڕێککەوتنەکەیە و ئەگەری بانگهێشتکردنی ناوبراو بۆ ناوچەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر هەیە".