پێت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند، هەر هێرشێکی ئێران بۆ سەر کەشتییەکانی ئەمریکا بە تێکشکاندن و نوقمکردنی تانکەرە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە وەڵام دەدرێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 5ی ئەیلولی 2026، وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، کەشتیگەلی تانکەرە نەوتییەکانی ئێران بێ بەرگرین و هێزە ئاسمانی، دەریایی و ژێردەریاییەکانی ئەمریکا توانای تێکشکاندنیانی هەیە.
ئەم لێدوانانە هاوکاتن لەگەڵ ڕاگەیەندراوێکی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم)، کە تێیدا ئاشکرای کردووە لە وەڵامی هەوڵێکی هێرشی مووشەکی بۆ سەر کەشتییە جەنگییەکانیان، سێ تانکەری نەوتی ئێرانییان (ئێم تی داونی لە دوورگەی خارگ، ئێم تی ستارک یەک لە جاسک، و ئێم تی کایڵۆ لە دەریای عومان) بە تەواوی تێکشکاندووە.
سەرەڕای بەردەوامیی ئەم ململانێیە، کە شەش مانگە درێژەی هەیە، بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ، لەوانەش جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەوڵ دەدەن بایەخی ئۆپەراسیۆنەکان کەم بکەنەوە و بە "شتێکی بچووک" ناوی دەبەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە موحسین ڕەزایی، بەرپرسی ئەمنیی ئێران هۆشداری دابوو لە پەڕەپێدانی "ستراتیژییەکی نوێ" کە بنکەکانی ئەمریکا دەهەژێنێت.
ئاڵۆزییەکان لە کاتێکدان، واشنتن گوشارەکانی لەسەر تەنگەی هورمز زیاد کردووە، دوای ئەوەی ئێران گەمارۆی خستبووە سەر ئەو ڕێڕەوە ئاوییە و ترەمپ جەختی لەسەر سەپاندنی دەسەڵاتی ئەمریکا بەسەر تەنگەکەدا کردووەتەوە. واشنتن دووپاتی دەکاتەوە تاوەکو ئێران هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان ڕانەگرێت، دەست بە هیچ گفتوگۆیەک ناکاتەوە.