ڕاستەوخۆ

ئەکسیۆس: ئەمریکا هێرشی سەربازی وەک کارتێکی گوشار لە دانوستانەکاندا بەکاردەهێنێت

reset font size increase font size

ڕاپۆرتێکی نوێی ماڵپەڕی ئەکسیۆس (Axios) ئاشکرای دەکات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بژاردەی ئەنجامدانی "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان بەڵام کورتخایەن" وەک ستراتیژێکی نوێ دژ بە تاران تاوتێ دەکات.

ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشە ئەگەرییانە، تێکشکاندنی ئەو چەقبەستووییەیە کە ماوەیەکە بەسەر دانوستانە دیپلۆماسییەکاندا زاڵبووە، تا لەو ڕێگەیەوە تاران ناچار بێت سازش لەسەر مەرجە سەختەکانی بکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە، ئەم شێوازە لە هێرش (کورتخایەن و چڕ) هاوشێوەی ستراتیژی "سەپاندنی ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە" دەبێت، بەبێ ئەوەی واشنتن تێوەگلێت لە شەڕێکی درێژخایەنی هەرێمی.

 لەم چوارچێوەیەدا، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بە ماڵپەڕەکەی ڕاگەیاندووە کە هێرشەکانی پێشتری واشنتن بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران، ڕێککەوتێکی کاتی نەبوون، بەڵکو پەیامێکی ڕوون بوون بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی هێز لەسەر مێزی دانوستان.

بە گوتەی ئەو، ئەگەر ئەمریکا لە بەرامبەر سەرکێشییەکانی تاراندا بێدەنگ بووایە، لە هاوکێشە سیاسییەکاندا بە لاواز دەردەکەوت و پێگەی دانوستانکاری ئەمریکی بەتەواوی دادەڕما.

 

ترەمپ مەرجەکانی بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕادەگەیەنێت: ئێرانییەکان کات دەکوژن

سەبارەت بە چارەنووسی ڕێککەوتنی نوێی ئەتۆمی، دۆناڵد ترەمپ بێزاریی قووڵی خۆی لە ڕەفتارەکانی تاران نیشاندا و ڕایگەیاند کە لایەنی ئێرانی ماوەی دوو هەفتەیە وەڵامی پێشنیازی کۆتایی ئەمریکای  نەداوەتەوە و ستراتیژی "کات کوشتن" پەیڕەو دەکات تا پڕۆگرامی ئەتۆمییەکەی زیاتر بەرەو پێش ببات.

 ترەمپ هۆشداریی دا کە واشنتن چیتر یاریی کات کوشتنی تاران قبووڵ ناکات و دوو مەرجی سەرەکی و بێ پاشەکشەی وەک هێڵی سووری ئەمریکا بۆ واژۆکردنی هەر ڕێککەوتنێک دیاریکرد:

کەمکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ماوەی 60 ڕۆژدا: پێویستە ئێران بە خێرایی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم کەم بکاتەوە و کۆگا پیتێنراوەکانی ژێر چاودێریی توندی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) دابخات یان ڕادەستی بکات.

ئاسایشی گەرووی هورمز و دەریاوانی نێودەوڵەتی: کۆتایهێنان بە هەر جۆرە هەڕەشە، باج، سەرانە یان دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە گەرووی هورمز، کە بە شادەماری وزەی جیهان دادەنرێت.

 

پزیشکیان وەڵامی ترەمپ دەداتەوە: ژێرخانی ئابووریمان هێڵی سوورە

لە بەرامبەردا، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە توندی وەڵامی هەڕەشە سەربازی و ئابوورییەکانی کۆشکی سپی دایەوە و ڕایگەیاند کە تاران لە ژێر سایەی هەڕەشەدا ناچێتە پای هیچ دانوستانێک.

پزیشکیان ڕووبەڕووی هۆشدارییەکەی ترەمپ بووەوە کە تێیدا هەڕەشەی لێدانی ناوەندە ئابوورییەکانی ئێرانی کردبوو، و جەختی کردەوە کە "ژێرخانی ئابووری و پیشەسازیی، بابەتی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئێرانە و بە هیچ جۆرێک قابیلی سازش نییە."

سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ستراتیژی "بەرگریی چالاک" پەیڕەو دەکات و بە پشت بەستن بە پسپۆڕانی ناوخۆیی، سیستمی بەرگریی موشەکی و یەکڕیزیی نیشتمانی، وەڵامی هەر جۆرە سەرکێشییەکی سەربازیی واشنتن دەدەنەوە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.