کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) لە نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاند، بۆ یەکەمجار لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرانسەری جیهاندا بە زۆرەملێ ئاوارە و دەرکراون، لە ساڵی ڕابردوودا (2025) دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
ئەمەش بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکان بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان داوە، سەرەڕای ئەوەی هێشتا بارودۆخی ئەمنی و سەقامگیری لە ناوچەکانیاندا جێگیر نییە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا کۆتایی ساڵی 2025 ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی جەنگ، توندوتیژی و چەوساندنەوەوە لە ماڵ وحاڵی خۆیان ئاوارە بوون، گەیشتووەتە 117 ملیۆن و 800 هەزار کەس لە سەرانسەری جیهاندا، کە ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە ساڵی 2024 بە ڕێژەی 5 ملیۆن و 400 هەزار کەس کەمبووەتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا ڕێکخراوەکە جەختی کردووەتەوە کە ئەم ڕێژەی ئاوارەییە هێشتا لە ئاستێکی " یەکجار بەرزدایە" و پێویستە لە دەیەی داهاتوودا هەنگاوی جددی بۆ کەمکردنەوەی ئاوارەیی درێژخایەن بنرێت.
ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکاب هۆکاری سەرەکیی ئەم دابەزینە مێژووییەی بۆ گەڕانەوەی بەلێشاوی پەنابەران و ئاوارە ناوخۆییەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵیان دەگێڕێتەوە، بەجۆرێک لە ساڵی 2025دا لە کۆی گشتیی ئاوارەکانی جیهان، 14 ملیۆن و 700 هەزار کەس گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان.
لەو ڕێژەیەش 4 ملیۆن و 400 هەزار کەسیان ئەو پەنابەرانە بوون کە سنوورە نێودەوڵەتییەکانیان بڕیبوو و گەڕاونەتەوە وڵاتی خۆیان، کە ئەمەش دووەم بەرزترین ڕێژەی گەڕانەوەی پەنابەرانە لە مێژووی تۆمارکردنی ئامارەکان لە 60 ساڵی ڕابردوودا.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە جنێف، فیلیپو گراندی، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ڕایگەیاند، زیاتر لە 90٪ی ئەو پەنابەرانەی لە ساڵی ڕابردوودا گەڕاونەتەوە، خەڵکیڵکی سێ وڵاتی قەیراناوی بوون کە بریتین لە ئەفغانستان، سودان و سوریا.
گراندی هۆشداریی دا و جەختی کردەوە کە "زۆربەی ئەم گەڕانەوانە لەژێر بارودۆخێکی ئارام و سەقامگیردا نەبوون، بەڵکو بەشێکی زۆریان لەژێر فشار و ناچاریدا بڕیاری گەڕانەوەیان داوە."