هێزە چەکدارەکانی یەمەن هێرشە سەربازییە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر بنکەکانی حوسییەکان لە چەندین پارێزگای وڵاتەکە چڕتر کردەوە، هاوکات ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بە بەرزبوونەوەی مەترسیداری ئاماری ئاوارەکان دەکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوی هێزە چەکدارەکانی یەمەن، فڕۆکە جەنگییەکان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "سندوقی کوشتن" زیاتر لە 20 هێرشی ئاسمانییان ئاڕاستەی پێگە، کۆگاکانی چەک و سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی حوسییەکان کردووە لە جەبهەی زەباب لە تەعز، ناوچەکانی موخا و زوباب لە ساحلی ڕۆژئاوا، و ناوچەکانی زاهیر، زی ناعم، سوادیە و مەکێراس لە پارێزگای بیزا. جەختیش کراوەتەوە کە زیانی زۆری گیانی و کەرەستەیی بە حوسییەکان گەیەندراوە.
لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، شائیع زەندانی، سەرۆکوەزیرانی یەمەن ڕایگەیاند کە ئاڵۆزییە سەربازییەکانی حوسییەکان سنووری یەمەنی بەزاندووە و پەیوەستە بە ئەجێندای کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەکارهێنانی پێگەی ستراتیژیی یەمەن و هەڕەشەکردن لە دەریاوانیی نێودەوڵەتی.
هاوکات ئەفراح زوبە، وەزیری دەرەوەی یەمەن لە نامەیەکدا بۆ فولکەر تورک، کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ، داوای دەستوەردانی بەپەلی کرد بۆ گوشارخستنە سەر حوسییەکان و پاراستنی خەڵکی مەدەنی.
لە سەر ئاستی مرۆیی، ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) هۆشیاری دا لە پەرەسەندنی خێرای قەیرانی ئاوارەبوون و ڕایگەیاند لە مانگی تەممووزەوە تا ئێستا لانی کەم 76 هەزار کەس لە یەمەن ئاوارە بوون.
دەسەڵاتدارانی جیبۆتیش ڕایانگەیاند لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە 1400کەس، کە زۆربەیان ژن و منداڵن، لە یەمەنەوە خۆیان گەیاندووەتە شارۆچکەی ئۆبۆک لە باکووری جیبۆتی.