وەزارەتی ناوخۆی سعوودیە ڕایگەیاند، ئەو هاوڵاتییە عومانییەی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی (فلای دوبی) ڕفاندبوو، لەگەڵ کاپتن سمیت ماچهار، فڕۆکەوانە بریندارەکەی فڕۆکەکە، گواستراونەتەوە بۆ ئیمارات.
بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی سعوودیە ئاماژەی بەوە کرد، هەردوو کەسەکە پاش ئەوەی لەلایەن تیمی پزیشکییەوە لە نەخۆشخانە چارەسەریان بۆ کرا و مۆڵەتی گەشتکردنیان پێ درا، بە هاوکاری تیمی ئەمنی ئیماراتی لە خاکی سعوودیە گواستراونەتەوە.
بەرپرسە سعوودییەکە جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی لە چوارچێوەی پابەندبوونە نێودەوڵەتی و مرۆییەکانیدا مامەڵە لەگەڵ بارودۆخە لەناکاوەکاندا دەکات، بە مەبەستی دڵنیایی سەلامەتی و ئاسایشی هاتوچۆی ئاسمانی و ئامادەییی سیستمی فڕۆکەوانی و ئەمنی.