لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ ڕێکخستنی دۆخی خوێندنی قوتابیانی کورد، وەزارەتی پەروەردەی سوریا بڕیارێکی دەرکرد بۆ پەسەندکردنی بڕوانامە و بەڵگەنامە ئەکادیمییەکانی پێشووی قۆناغی بنەڕەتی کە لەلایەن "ئیدارەی خۆسەر"ەوە دەرچوون، ئەمەش بە ئامانجی ئاسانکاریکردن بۆ درێژەدان بە خوێندن و گواستنەوەیان بۆ پۆلە فەرمییەکان.
بەگوێرەی بڕیارەکەی وەزارەت، ئەو خوێندکارانەی هەڵگری بڕوانامەی بنەڕەتین و پێشتر لەو ناوچانە خوێندوویانە، مافیان هەیە بۆ ساڵی یەکەمی قۆناغی ناوەندی گشتی لە سەرجەم قوتابخانەکانی سوریا ناویان تۆمار بکرێت، بەمەرجێک تێکڕای نمرەکانیان لە 55% کەمتر نەبێت، هاوشێوەی هاوتەمەنەکانیان کە هەڵگری بڕوانامەی فەرمیی دانپێدانراون.
هەروەها وەزارەتەکە ڕێگەی بە گواستنەوە و تۆمارکردنی خوێندکاران لە پۆلە ئینتقالییەکاندا داوە بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە پەروەردەییە بەردەستەکانیان، لەوانەش وەرگێڕانی بڕوانامە و بەڵگەی پێشکەوتنی ئەکادیمی. ئەم بڕیارانە لەسەر بنەمای یاسای ژمارە ٣١ی ساڵی ٢٠٢٤ و فەرمانی ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٢٦ تایبەت بە هاووڵاتیانی کوردی سوریا دەرچوون.
لە تەوەرێکی تردا، وەزارەتی پەروەردە لیستی ئەو قوتابخانانەی ڕاگەیاند کە بۆ فێرکردنی زمانی کوردی لە سەرانسەری پارێزگاکانی سوریا پەسەندکراون، و داوای لەو کەسانەش کرد کە ئارەزووی بینینی لیستەکە دەکەن، سەردانی کەناڵی فەرمی وەزارەتەکە لە تێلێگرام بکەن.
جێی باسە، وەزارەتی پەروەردە پێشتر لە ٢٨ی ئاب و ٢٦ی ژانویەدا چەند ڕێنماییەکی بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی ژمارە ١٣ دەرکردبوو، کە تێیدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە هاووڵاتیانی کوردی سوریا بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی سوریا و شوناسی کولتووری و زمانەوانییان پێکهاتەیەکی بنەڕەتیی ناسنامەی نەتەوەیی یەکگرتووی وڵاتەکەیە.