شەڕی میدیایی و تێکەڵبوونی زانیارییەکان لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا گەیشتووەتە لووتکە، ئەمەش دوای توندبوونی شەڕ لەسەر بەرەی شاری ستراتیژی "کۆستێنتینێڤکا" (Kostiantynivka) لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا. ئەم شارە کە وەک کلیل و دەروازەی کۆتایی دوو شاری گەورەی وەک "کراماتۆرسک" و "سلۆڤیانسک" سەیر دەکرێت، بووەتە گۆڕەپانی تاقیکردنەوەی تهکتیکی نوێی سەربازی و تێیدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بووەتە چەکی سەرەکیی یەکلاکردنەوەی شەڕەکە.
تێکەڵبوونی گێڕانەوەکان؛ کێ شارەکەی بەدەستەوەیە؟
لەکاتێکدا مۆسکۆ بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە شارەکە بە تەواوی کەوتووەتە ژێر دەستی هێزەکانی، کیێڤ بە توندی ئەم دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە:
گێڕانەوەی ڕووسیا: ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لەگەڵ سەرکردەکانی سوپا دەرکەوت و سوپاسی سەربازەکانی کرد بۆ ئەو سەرکەوتنە "ستراتیژییە گەورەیە" و کۆنترۆڵکردنی تەواوی شارەکە.
گێڕانەوەی ئۆکرانیا: لە بەرامبەردا، ئەندرێ کۆڤالیۆڤ، وتەبێژی سوپای ئۆکرانیا جەختی کردەوە: "دۆخەکە قورسە، بەڵام هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی بەرگریی ئۆکرانیادایە."
گرنگیی سەربازیی شارەکە و گۆڕانی شێوازی شەڕ بە درۆن
فۆلۆدیمێر شوماکۆڤ، دیپلۆماتی پێشووی ئۆکرانی ئاماژە بەوە دەکات کە ڕووسیا نزیکەی ساڵێکە هەوڵی گرتنی ئەم شارە دەدات، چونکە کەوتنی، ڕێگا بۆ پێشڕەویی زیاتر بەرەو قووڵایی خاکی ئۆکرانیا خۆش دەکات. شوماکۆڤ دەڵێت: "ئۆکرانیا ئێستا گرەو لەسەر خۆڕاگری دەکات، بەتایبەت کە درۆن شێوازی شەڕەکەی گۆڕیوە؛ ڕووسیا چیتر ناتوانێت وەک سەرەتای شەڕەکە تانک و زرێپۆشەکان بەکاربهێنێت، چونکە دەبنە نێچیرێکی ئاسانی درۆنەکان."
لێکدانەوەی ڕووسیا؛ "داڕمانی لۆجیستی" بەرامبەر "پێویستیی سیاسی"
لە بەرەی بەرامبەردا، سەنتەری توێژینەوەی زانستی لە ڕووسیا، دەڵێت کێشەی نێوان هەردوو گێڕانەوەکە لەوەدایە کە ڕووسیا سەیری "واقیعی مەیدانی" دەکات و ئۆکرانیا سەیری "پێویستیی سیاسی".
له ڕووی سهربازییهوه، لایەنی ڕووسی پێیوایە شارەکە بە کەوتوو هەژمار دەکرێت کاتێک سیستمی سەرکردایەتی و هێڵەکانی گواستنەوەی ئۆکرانیا تێکدەشکێنرێت، تەنانەت ئەگەر چەند گروپێکی کەمیش لەناو داروپەردودا شەڕ بکەن. بەپێی شیکاریی ئەوان: "کیێڤ دەیەوێت بەم گروپە بچووکانەی شەڕ، نموونەی خۆڕاگریی بۆ ڕۆژئاوا دروست بکات تا ناردنی چەک و یارمەتییە داراییەکان نەپچڕێت."
شارەزایانی سەربازی هۆشداری دەدەن کە کەوتنی ڕاستەقینەی کۆستێنتینێڤکا دەبێتە هۆی "کاریگەری دۆمینۆ" (Domino Effect) و بەرەی بەرگریی ئۆکرانیا لە دۆنباس پارچەپارچە دەکات. ئەمەش وا لە هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکان دەکات بکەونە ناو دووڕیانێکی سەختەوە؛ یان دەبێت بچنە ناو ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ، یان ئەوەتا قبووڵ بکەن کە ناردنی چەکی زیاتر بۆ هێزێک کە پێکهاتە لۆجیستییەکەی لەدەستداوە، وەبەرهێنانێکی دۆڕاوە.