لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، پرۆسەی پاککردنەوەی مین و پاشماوەی تەقەمەنییەکان لەسەر ڕێگەی سەرەکیی نێوان درباسیە و سەرێکانی گەیەندراوەتە قۆناغی کۆتایی و تاوەکو ئێستا 90٪ی ڕێگەکە بە تەواوەتی پاککراوەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی هاوار بەدواداچوونی بۆ بەڕێوەچوونی کارەکانی ڕێکخراوی ریچۆ (Reacho) کردووە، کە ئەرکی پاککردنەوەی ناوچەکەی لە ئەستۆگرتووە. بەرپرسی ئۆپراسیۆنەکانی ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند، تیمەکانیان بەردەوامن لە کارکردن لەسەر هێڵەکانی پێشەوەی جەنگی پێشوو و گوندەوارەکانی دەوروبەری سەرێکانی بۆ ئاوەدانکردنەوە و ڕەخساندنی زەمینەی ئارام بۆ هاتووچۆی هاوڵاتییان.
بەرپرسی ئۆپراسیۆنەکان جەختیشی کردەوە، لەم هەفتەیەدا پرۆسەی پاککردنەوەی تەواوەتیی ئەو ڕێگە سەرەکییە کۆتایی پێدێت، کە ئەمەش ئاسانکارییەکی گەورە بۆ پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەکات.