وەزارەتی پەروەردەی سوریا لە بڕیارێکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی لەو ناوچانەی کە رێژەی کورد تێیاندا زۆرە، لە قوتابخانە حکوومی و تایبەتەکاندا دەخوێندرێت.
بەپێی فەرمانی وزاریی کە لە لایەن محەمەد عەبدولڕەحمان تورکۆ وەزیری پەروەردەی سوریاوە واژۆ کراوە، بڕیار درا کە زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندندا جێگیر بکرێت و ببێتە بەشێک لە پڕۆژەی پەروەردەیی.
بەپێی بڕیارەکە، خوێندنی زمانی کوردی هەفتانە بە سێ وانە دەبێت و نمرەکەی لە کۆی گشتیی نمرەکاندا ئەژمار دەکرێت، هاوکات وانەیەکی چالاکیی هەفتانەشی بۆ تەرخان دەکرێت.
هەروەها لە قۆناغی گواستنەوەدا ڕێگە بە خوێندکاران دەدرێت بابەتەکانی کۆمەڵایەتی، مێژوو، جۆگرافیا و فەلسەفە بە زمانی عەرەبی یان کوردی بخوێنن.