کارۆلاین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، پشتڕاستی کردەوە کە ئێستا هیچ دانوستاندنێک لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێراندا نییە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئاماژەی بەوەش کرد واشنتن لە قۆناغی ئێستادا تیشکی خستووەتە سەر زیادکردنی گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر تاران، لەگەڵ هێشتنەوەی سەرجەم بژاردەکان بە کراوەیی.
لیڤیت لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند، ئامانجی یەکەمی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بریتییە لە دەستەبەرکردنی ئەوەی ئێران نەتوانێت بێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئاماژەی بەوەش کرد ئیدارەی ئەمریکا دوای هەڵمەتە سەربازییەکان، ڕووی لە سەپاندنی گوشاری ئابووری کردووە بەرانبەر تاران.
لیڤیت دەڵێت "لە ئێستادا هیچ دانوستاندنێک لە ئارادا نییە"، جەختیشی کردەوە ئەم ڕەوشە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ترەمپ ئامادەیی لە تاراندا دەبینێت بۆ دانیشتن لەسەر مێزی دانوستاندن بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتن.
لیڤیت ڕوونی کردەوە سەرۆکی ئەمریکا تا ئێستاش دەست بە سەرجەم بژاردەکانەوە دەگرێت، لە کاتێکدا گەمارۆی دەریایی سەر ئێران بەردەوامە.
لە هەمان چوارچێوەدا، سکۆت بەسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکا فشارە ئابوورییەکانی واشنتنی بەرانبەر تاران توندتر کرد، داوای لە وڵاتان کرد پەیوەندییە داراییەکانیان لەگەڵ ئێران بپچڕێنن تا لە سزاکانی ئەمریکا بەدوور بن.
بەسێنت گوتی، دەبێت ڕژێمی ئێران پارەکان بۆ گەلەکەی خەرج بکات لەبری خەرجکردنی ملیاران دۆلار بۆ بریکارەکانی لە دەرەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئێرانییەکان ڕووبەڕووی زەحمەتی دەبنەوە لە دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانیان، لە کاتێکدا تاران بەردەوامە لە خەرجکردنی بڕە پارەیەکی زۆر لە دەرەوەی وڵات.
ئەم لێدوانانەی ئەمریکا هاوکاتن لەگەڵ جوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دووبارە کردنەوەی کەناڵەکانی دیالۆگ، بەو پێیەی سەرۆکوەزیرانی قەتەر سەردانی تارانی کرد بۆ زیندووکردنەوەی کەناڵی دیپلۆماسی.
بەرپرسێکی ئێرانی جوڵەکانی دەڵێت فشارەکانی ئەمەریکا تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە بەرپرسانی تاران بێنە سەر مێزی گفتوگۆ.