دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و پشکی ئەم کەرتە لە کۆی گشتیی سەرمایەگوزاریدا لە 2%ـەوە بۆ نزیکەی 12% بەرزبووەتەوە.
لە ڕاپۆرتێکدا بە ناونیشانی "وەرچەرخانی پێکهاتەیی بەرەو هەمەجۆرکردنی ئابووری"، دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوە کردووە کە کەرتی کشتوکاڵ بووەتە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی ئابووریی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەستەکە، ئەم بەرزبوونەوەیە جگە لە بەهێزکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، ڕێگەی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی هەناردەکردن بۆ دەرەوەش خۆشکردووە.
هەروەها فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هەرێمی کوردستان، بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک و بەرهەمی ناوخۆیی، չوار سایلۆی نوێ بە توانای کۆگا کردنی 160 هەزار تۆن دانەوێڵە بە گوژمەی 90 ملیار دینار دروستکراون، کە بریتیین لە سایلۆکانی قوشتەپە لە هەولێر، کەلار لە سلێمانی، ڕۆڤیا لە دهۆک و سایلۆی هەڵەبجە. هاوکات حکومەت پلانی هەیە لە دهۆک، زاخۆ، کفری، کۆیە و هەریر سایلۆی نوێ دروست بکات.
چوارچێوەی ستراتیژیی ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان، 13 هەزار و 943 کۆمپانیا، هەزار و 341 کارگەی پیشەسازی، 30 هەزار خانووی پلاستیكی (سەوزخانە) و 319 کۆگا لەخۆدەگرێت.
ئەم توانا نوێیە بووەتە هۆی زیاتربوونی ناردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و کردنەوەی دەرگەی بازاڕە جیهانییەکان بەڕووی بەرهەمی ناوخۆییدا.
هەنگوینی کوردستان لە ساڵانی 2022 و 2023 یەکەم بەرهەم بوو کە هەناردەی بازاڕەکانی ئەورووپا کرا، لە دوای ئەوەش برنجی ئاکرێ و تەحینی ئامێدی بۆ وڵاتانی ئەورووپا لەوانە سوید، ئەڵمانیا و بەریتانیا هەناردە کران.