وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی شەفافییەتی دارایی و میکانیزمەکانی دابەشکردنی مووچە، ڕاپۆرتێکی وردی لەسەر تەرخانکردنی دارایی بۆ مووچەخۆران لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا (2019 - 2025) بڵاوکردەوە.
داتاکان ئەو گۆڕانکارییە ئابوورییە سەختانە نیشان دەدەن کە بەهۆی دابەزینی داهاتی نەوت و کێشە داراییە بەردەوامەکانی لەگەڵ بەغدا، ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە.
بەپێی ئەو داتا و گرافیکانەی وەزارەتەکە بڵاوی کردوونەتەوە، ئەنجام و وردەکاریی ساڵانەی خەرجیی مووچە و ژمارەی مانگەکانی دابەشکردن بەم شێوەیە بووە:
ساڵی 2019: کۆی گشتیی پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە گەیشتووەتە 10 ترلیۆن و 650 ملیار و 887 ملیۆن دینار، کە تێیدا سەرجەم 12 مووچەی ساڵەکە بە تەواوی دابەش کراوە.
ساڵی 2020: ئەم ساڵە بە سەختترین ساڵی دارایی بۆ مووچەخۆران دادەنرێت؛ بەهۆی لێکەوتەکانی قەیرانی داراییەوە تەنیا 8 مووچە دابەش کراوە (3 مووچەی تەواو و 5 مووچە بە لێبڕینەوە) و 4 مووچەش فەوتاوە.
ساڵی 2021: کۆی گشتیی پارەی تەرخانکراو 9 ترلیۆن و 497 ملیار و 658 ملیۆن دینار بووە، کە تێیدا 6 مووچە بە تەواوی و 6 مووچەش بە لێبڕینەوە دابەش کراوە.
ساڵی 2022: دۆخی دارایی تا ڕادەیەک جێگیر بووەوە و حکومەت توانیویەتی سەرجەم 12 مووچەی ساڵەکە بە تەواوی دابەش بکات، کە کۆی تەرخانکراوەکە 9 ترلیۆن و 895 ملیار و 456 ملیۆن دینار بووە.
ساڵی 2023: لە کۆی 12 مووچەی شایستە، 9 مووچە بە تەواوی و 3 مووچە بە لێبڕینەوە دابەش کراوە، بە کۆی گشتیی 8 ترلیۆن و 283 ملیار و 815 ملیۆن دینار.
ساڵی 2024: سەرجەم 12 مووچەی ساڵەکە دابەش کراوە (11 مووچە بە تەواوی و 1 مووچە بە لێبڕینەوە)، کە کۆی گشتیی تەرخانکراوەکە گەیشتووەتە لوتکە و بڕی 10 ترلیۆن و 709 ملیار و 736 ملیۆن و 357 هەزار دینار بووە.
ساڵی 2025: تاوەکو ئێستا 10 مووچە بە تەواوی دابەش کراوە و تەنیا 2 مووچە ماوە، کە کۆی گشتیی پارەی تەرخانکراو بۆ ئەو 10 مانگە بریتی بووە لە 10 ترلیۆن و 21 ملیار و 31 ملیۆن و 360 هەزار دینار.
کورتەیەک لەسەر ئاستی حەوت ساڵی ڕابردوو
ئەو گرافیکە گشتگیرانەی بڵاوکراونەتەوە، وێنەیەکی ڕوونی میکانیزمی دارایی هەرێمی کوردستان لە نێوان ساڵانی 2019 تا 2025 نیشان دەدەن. بەراوردکارییەکان دەریدەخەن کە ساڵی 2020 بەهۆی لوتکەی قەیرانەکانەوە قورسترین ساڵ بووە بۆ بژێویی مووچەخۆران، بەڵام لە ساڵانی دواتردا، بەتایبەت لە ڕێگەی هەموارکردنەوەی میکانیزمەکانی ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەنگاوی جیاواز هەوڵی جێگیرکردنەوەی شایستە داراییەکانی داوە تاوەکو ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی پاشەکەوت و لێبڕینی مووچە بکات.