عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی بەرفراواندا لەگەڵ تۆڕی "سکای نیوز" ڕایگەیاند کە مانگی ئەیلوولی داهاتوو (2026) هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە یەکجاری عێراق جێدەهێڵن و کۆتایی بە ئەرکە سەربازییەکانیان دێت.
جەختیشی کردەوە کە واشنتن دەبێتە هاوبەشێکی ستراتیژی لە پلانە ئابووری و گەشەپێدانەکانی داهاتوودا بە جۆرێک کە وەزارەتەکانی نەوت، کارەبا و پەیوەندییەکان ڕاسپێردراون پێشەنگی بدەنە کۆمپانیا دێرینەکانی ئەمریکا؛
زەیدی ئاشکرایشی کرد کە بەغدا کار لەسەر پڕۆژەی "سندووقی وزە و گەشەپێدان" دەکات کە قەبارەی داراییەکەی لە سێ دەیەی داهاتوودا دەگاتە 400 ملیار دۆلار.
هاوکات لەسەر ئاستی ئەمنی و ناوخۆیی ئاماژەی بەوە دا کە لە ڕێگەی گفتوگۆی قووڵەوە هۆشدارییان داوەتە فەسائیلە چەکدارەکان کە نابێت هیچ چەکێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتدا بمێنێتەوە و عێراقیش کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و وڵاتانی کەنداو لەسەر بنەمای هاوسێیەتیی باش و ڕێزگرتنە، نابێتە ساحەی ململانێ و ئامادەیە بۆ میوانداریی هەر گفتوگۆیەکی هێورکەرەوە لە ناوچەکەدا.
لە کۆتاییشدا بەڵێنی دا کە پاش کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە کۆتایی ئەیلوولدا، حکومەتەکەی لە کەرتی خزمەتگوزاری وەک دابینکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی نیشتەجێبوون و شەڕی دژ بە گەندەڵی، دەستکەوتە ڕاستەقینەکان پێشکەشی هاووڵاتییان بکات.