ڕاستەوخۆ

سێ شاندی هەرێمی کوردستان بەجیا دەچنە بەغدا

reset font size increase font size

بۆ چارەسەرکردنی دۆسییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بڕیارە سێ شاندی جیاوازی هەرێمی کوردستان سەردانی پایتەختی عێراق بکەن و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی کۆببنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان نووچە تیڤی، سبەی یەکشەممە شاندی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆدەبێتەوە. لەم کۆبوونەوەیەدا پرسی داهاتی نانەوتی تاوتوێ دەکرێت؛

شاندەکەی هەرێمی کوردستان دەیەوێت بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی دیوانی چاودێریی دارایی بەغدا، بڕی پارەی داواکراوی مانگانە لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان کەمبکاتەوە.

هاوکات هەر سبەی، شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان دەگاتە بەغدا و سەردانەکەی بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

ئامانجی ئەم شاندە کۆبوونەوەیە لەگەڵ دەستەی گشتیی زیندانییە سیاسییەکانی عێراق، بە مەبەستی واژۆکردنی ڕێککەوتنامەی هاوتاکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتا عێراقییەکانیان.

لەلایەکی دیکەوە و بە مەبەستی ڕێکخستنی کاروباری گومرگی، شاندێکی تەکنیکیی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی پرسی جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی "ئەسیکۆدا" لە دەروازە سنوورییەکان، سەردانی بەغدا دەکات بۆ هاوئاهەنگیی زیاتر لەگەڵ گومرگی گشتیی عێراق.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.