ڕاستەوخۆ

سوپای تورکیا ڕێگری لە گەڕانەوەی دانیشتووانی 21 گوندی زاخۆ دەکات

reset font size increase font size

سەرەڕای بەڵێنە فەرمییەکان بۆ گەڕانەوەیان، سوپای تورکیا لە بازگەیەکی سەربازیدا ڕێگریی توند لە دانیشتووانی 21 گوندی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەکات بگەڕێنەوە سەر خاک و گوندەکانی خۆیان و پێیان ڕادەگەیێنن: "ئەم ناوچانە لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایە و کەس ناچێتە ژوورەوە."

ڕۆژی 10ی حوزەیران، ئیدارەی خۆجێی شارەدێی دەرکار و شارۆچکەی باتیفا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، خەڵکی گوندەکانی دەڤەری "سندی و گولی"یان ئاگادار کردبووەوە کە دۆخی ئەمنی گونجاوە و دەتوانن لە 15ی حوزەیراندا (ئەمڕۆ) بچنەوە بۆ سەردانی گوندەکانی خۆیان، کە ماوەی 6 ساڵە بەهۆی ئۆپەراسیۆن و هێرشە سەربازییەکانی تورکیاوە چۆڵکراون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوی سی پی تی (CPT)، کاتێک هاوڵاتییان و گوندنشینان گەیشتوونەتە گوندی "شەرانشی سەروو"، ڕووبەڕووی بازگەیەکی نوێی سوپای تورکیا بوونەتەوە.

هێزەکانی تورکیا گوندنشینەکانیان لە ئۆتۆمبێلەکانیان دابەزاندووە و پێیان ڕاگەیاندوون: "بە هیچ شێوەیەک ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانتان. لە ئێستادا ئەم ناوچانە هەمووی لەژێر کۆنتڕۆڵی سەربازیی ئێمەدایە و ڕێگە بە چوونەژوورەوەی کەس نادرێت."

جێی باسە کۆچبەریی زۆرەملێی دانیشتووانی ئەو گوندانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2020، کاتێک سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بە ناوی (چنگی-پڵنگ) دەستپێکرد و تێیدا بە قووڵایی نۆ کیلۆمەتر هاتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان لە ناوچەی حەفتانین و تەواوی گوندەوارەکانی دەورووبەری کۆنتڕۆڵ کرد، کە بەهۆیەوە دانیشتووانەکەی ئاوارە بوون.

ئەم ڕێگرییە لە کاتێکدایە، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، گوندنشینانی 21 گوندی ئاوارەی هەرێمی کوردستان هیوایەکی زۆریان لابوو کە کۆتایی بە جەنگ بێت و بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان، بەڵام پێشهاتەکەی ئەمڕۆ نیشانیدا کە سوپای تورکیا هێشتا ئامادە نییە ئەو ناوچە ستراتیژییانەی سنووری زاخۆ چۆڵ بکات.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.