وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە گشتاندنێک کە ئاڕاستەی لقەکانی سەندیکای هەولێر و سلێمانی و دهۆکی دەرمانسازان کردوە ڕایگەیاند، سەرجەم دەرمانخانەکان ئاگاداربکەنەوە، پێویستە دەرمانسازان لە کاتی دەوامدا لە دەرمانخانەکان ئامادەبن و بەبێ ڕەچەتەی پزیشکییش دەرزی بۆ کەس نەکەن و کانۆلا بۆ کەس دانەنێن و دەرمانیش نەدەن بە کەس.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هۆکاری داواکارییەکە بۆ چەند ڕووداوێکی یەک لەدوای یەکی ماوەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، کە بوونە هۆی گیانلەدەستدان، پەککەوتەبوون و تێکچوونی بارودۆخی تەندروستیی چەند هاوڵاتییەک.
وەزارەتی تەندروستی لقەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆکی سەندیکای دەرمانسازانی ڕاسپاردوە، هەموو ئەندامانی سەندیکا پابەند بکەن بە دواکارییەکان.