کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران، لەلایەن زۆرێک لە چاودێرانەوە وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژوودا دەبینرا کە یا سیستم دەڕوخێنێت یان دەچێتە قۆناغێکی نوێوە.
بەڵام چەند مانگێک دوای ئەو ڕووداوە، نە سیناریۆی هەرەسھێنان ڕوویدا و نە پێکهاتەی سیاسیی ئێران بێگۆڕانکاری ماوەتەوە.
کۆماری ئیسلامی هێشتا بەپێوە وەستاوە، حکومەت کار دەکات و چوارچێوەی یاسایی سیستمەکە نەگۆڕدراوە، بەڵام گۆڕانکارییەکانی مانگەکانی ڕابردوو گومانی لەسەر شێوازی فەرمانڕوایی و دابەشکردنی دەسەڵات هێناوەتە ئاراوە.
لە ڕاستیدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا کۆماری ئیسلامی هێشتا یەک ناوەندی بڕیاردانی هەبێت، یان گۆڕاوە بۆ کۆمەڵێک ناوەندی دەسەڵاتی جیاواز؟
پێکهاتەی سیستم؛ بەردەوامی زیاترە لە گۆڕانکاری
یەکەمین ڕاستی دوای شەڕ و کوژرانی ئایەتوڵا خامنەیی، بەردەوامیی دامەزراوە سەرەکییەکانی وەک دەستوور، بنەمای ویلایەتی فەقێ، ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور و سوپای پاسداران بوو.
ئەمەش دەسەلمێنێت کە کۆماری ئیسلامی تەنیا پشتی بە پێگەی شەخسیی ڕێبەر نەبەستبوو، بەڵکو ئەو تۆڕە بەربڵاوە ئەمنی و سیاسییەی کاتی خۆی بونیاد نرابوو، توانای بەردەوامبوونیان لە نەبوونی ئەویشدا هەیە.
بەڵام ئەمە بە واتای جێگیریی تەواوی هاوکێشەکان نییە؛
بۆ نموونە وەدەرنانی پەرلەمان لە بڕیارە گرنگەکانی وەک دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و واژۆکردنی ڕێککەوتنی ڕاگرتنی شەڕ، ڕۆڵی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی بەرجەستەتر کردەوە، بۆیە ئەگەرچی پێکهاتە نەگۆڕاوە، بەڵام قورسایی دامەزراوەکان جێگۆڕکێی پێکراوە.
سیاسەتی دەرەوە؛ نەرمیوانواندن بەبێ گۆڕینی ستراتیژ
ڕوانگەی گشتی بەرامبەر بە ئەمریکا، ئیسرائیل و هێزە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا، هێشتا لەناو هەمان چوارچێوەی دەیان ساڵی ڕابردوودایە.
ئەگەرچی دۆخی ئابووریی دوای شەڕ، ناڕەزایەتیی ناوخۆیی و لاوازبوونی هێزە بریکارەکانی لە ناوچەکەدا وای کرد تاران مل بدات بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام ستراتیژە گشتییەکان وەک خۆیان ماون.
ئەم بابەتە لە پەیامی نووسراوی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێراندا دیارە؛ ئەو لەبەر پابەندبوونی سەرۆککۆمار وەک سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایش و بەڵێنی پاراستنی بەرەی بەرگری، لەگەڵ "دانوستانی ڕووبەڕوو"دا ڕەزامەند بوو، بەڵام بەرپرسیارێتی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکەی نەگرتە ئەستۆ.
بۆیە تاوەکو ئەم ساتە تەنیا خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخە نوێیەکەدا دەبینرێت و لە کەرتی ئابووریشدا هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی نەکراوە.
سەرکوتکاری؛ کۆڵەکەی مانەوەی سیستم
ئەگەر لە سیاسەتی دەرەوەدا نەرمیوانواندنی تاکتیکی ببینرێت، لە کەرتی ئاسایشی ناوخۆدا گۆڕانکاریی جدی بەدی ناکرێت.
ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باس لە بەردەوامیی دەستگیرکردنەکان، چڕکردنەوەی سزای لەسێدارەدان و ڕووبەڕووبوونەوە ئەمنییەکان دەکەن.
پەسندکردنی "یاسای توندکردنی سزای هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتە نەیارەکان" دوای ناڕەزایەتییەکانی مانگی کانوونی دووەم، دەسەڵاتی زیاتری داوەتە دەزگا ئەمنییەکان.
ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسەری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئێران لە سەرەتای ٢٠٢٦وە نزیکەی ٤٠ کەسی بە تۆمەتی ئەمنی لەسێدارەداوە کە ١٨یان لە خۆپیشاندەرانی کانوونی دووەم بوون.
ئەمەش نیشان دەدات "ڕوانگەی ئەمنی" هێشتا وەک سەرەکیترین ئامرازی بەڕێوەبردنی وڵات ماوەتەوە.
ئەوەی گۆڕا؛ شێوازی بەکارهێنانی دەسەڵات
گرنگترین گۆڕانکاری لە چۆنیەتی بەکارهێنانی دەسەڵاتدایە.
پێشتر ململانێی نێوان باڵە سیاسییەکان یان حکومەت و سوپای پاسداران، بە بڕیار و پێگەی شەخسیی عەلی خامنەیی کۆتاییان پێدەهات.
مردنی ئەو ئەم پێکهاتەیەی لە ڕووی یاساییەوە تێکنەدا، بەڵام ئەو توخمە تاکەکەسییەی ناوەندی لادا کە جێگرتنەوەی ئاسان نییە:
ڕێبەرێک کە دەرناکەوێت: بە پێچەوانەی عەلی خامنەیی کە گوتارە ڕێکخراوەکانی بەشێک بوو لە سازوکاری ڕێبەرایەتی، پێگەی موجتەبا خامنەیی تاوەکو ئێستا بە ناڕوونی ماوەتەوە و تەنیا پەیامی نووسراوی لێ بڵاودەکرێتەوە کە جەخت لەسەر "یەکڕیزی" و "پاراستنی سیستم" دەکەنەوە.
ئەو ناکۆکییانەی ئاشکراتر دەبن: بەهۆی نەبوونی خیتابێک لە ناوەنددا، ململانێی نێوان گروپە توندڕەوەکانی سیستم لەسەر دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و بەڕێوەبردنی شەڕ قووڵتر بووەتەوە و کێشمەکێشەکان گەیشتوونەتە ناو مێدیا فەرمییەکان.
ڕۆڵی بەهێزتری دامەزراوە ئەمنییەکان: حکومەت، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و دامەزراوە سەربازییەکان نەک تەنیا لە جێبەجێکردندا، بەڵکو لە ڕاگەیاندنی سیاسەتەکانیشدا ڕۆڵی دیارتریان وەرگرتووە و هاوپەیمانێتییە نوێیەکانیان علنیتر کردووە.
گۆڕینی تاکتیک لە ئازادییە کۆمەڵایەتییەکاندا: لە بابەتەکانی وەک حیجاب و شێوازی ژیاندا، ڕاپۆرتەکان باس لە کەمبوونەوەی ڕێژەیی توندیی ڕووبەڕووبوونەوەکان دەکەن لە چاو ڕابردوودا، هەرچەندە ئەم گۆڕانکارییانە تەنیا تاکتیکین و سەرکوتی نەیارانی سیاسی هێشتا بەردەوامە.
:ئەو وێنەیەی لە کۆماری ئیسلامی دوای عەلی خامنەیی بەدەست دێت، نە ڕووخانە و نە بەردەوامیی بێگۆڕانکاری، بەڵکو جێگۆڕکێیەکی تێپەڕە لە شێوازی حوکمرانیدا. پێکهاتە سەرەکییەکان ماونەتەوە، بەڵام ڕادەی پشتبەستنی سیستمەکە بە پێگەی شەخسیی تاک کەمبووەتەوە.
هێشتا ڕوون نییە ئەم دۆخە بەرەو مۆدێلێکی جێگیر دەڕوات یان تەنیا ڕەنگدانەوەی قۆناغی ڕاگواستنە، چونکە ئەگەر دووبارە شەڕێک یان قەیرانێکی ئەمنی نوێ سەرهەڵبداتەوە، پێدەچێت ئەم هاوسەنگییە لەرزۆکە دووبارە تێکبچێتەوە و ئاڕاستەی ڕووداوەکان بگۆڕێت.