ئەگەرچی عێراق لە ڕیزی ئەو وڵاتانەدا نییە کە هۆکاری سەرەکیی پیسبوونی ژینگە و دەردانی گازە گەرمەکانن، بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، وڵاتەکە یەکێکە لە گەورەترین زیانلێکەوتووانی گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا.
چیدیکە هاوین بۆ عێراق تەنها وەرزێک نییە، بەڵکو دەستپێکی ئاڵەنگارییەکی درێژخایەنە بۆ سەر خاک و ژیانی خەڵکەکەی. بەگوێرەی ڕاپۆرتی بانکی جیهانیی، لە نێوان ساڵانی 2000 تاوەکو 2023، پلەکانی گەرما لە عێراق بۆ هەر دەیەیەک 0.48 پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە.
هۆشداریش دەدرێت ئەگەر دەردانی گازە گەرمەکان بەردەوام بێت، لە داهاتوودا پلەکانی گەرما بۆ هەر دەیەیەک بە ڕێژەی 2.5% تا 5.2% (نزیکەی 2.5 تا 5.6 پلەی سیلیزی) زیاد دەکات.
قەیرانی ئاو و مەترسیی لەسەر ئاسایشی خواردن
ڕاپۆرتەکەی بانکی جیهانیی تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە نزیکەی 98% لە ئاوی ڕووبارەکانی عێراق لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتەوە دێن، و زیاتر لە 90%ـی ئاوە بەکارهاتووەکانیش بۆ کەرتی کشتوکاڵ تەرخان دەکرێن.
بەم هۆیەوە، هەر کەمبوونەوەیەک لە سەرچاوەکانی ئاو کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و کوشندەی لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاسایشی خواردنی نیشتمانی دەبێت. لە ئێستادا، بەهۆی وشکەساڵی و کەمئاوییەوە، زیاتر لە یەک لەسەر سێی تەواوی خاکی عێراق لەژێر مەترسیی ڕاستەوخۆی بیابانبووندایە.
باجی دارایی و زیانە ئابوورییەکان
ڕوانگەی عێراقی سەوز لە بەدواداچوونێکدا ئاشکرای دەکات کە پێش ساڵی 2010 تەنها 3 بۆ 4 ڕۆژ لە ساڵێکدا پلەکانی گەرما دەگەیشتنە 50 پلەی سیلیزی، بەڵام ئێستا ساڵانە 25 بۆ 40 ڕۆژ ئەو پلە بەرزە تۆمار دەکرێت.
ئەم گۆڕانکارییە باجێکی قورسی دارایی هەیە؛ بەجۆرێک هەر ڕۆژێک کە پلەی گەرما بگاتە 50 پلە، زیانی 150 ملیۆن دینار بە ئابووریی وڵات دەگەیەنێت.
تەنها لە هاوینی ساڵی 2025دا، عێراق بەهۆی شەپۆلەکانی گەرماوە زیاتر لە 9 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە، هاوکات 60%ـی داری شەقامەکان و 85%ـی دارستانەکانی لەدەستداوە.