عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە کۆشکی ئێلیزێ کۆبووبوونەوە و لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا فراوانکردنی هاوبەشیی ستراتیژی لە بوارەکانی بەرگری، ئاسایشی سنوورەکان و وزە ڕاگەیاند، هاوکات سەرپەرشتی واژۆکردنی شەش یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لە نێوان هەردوو وڵاتدا کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکە، بەغدا و پاریس ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامیی هاوکاریی سەربازی لە دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان بە مەبەستی پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق. لەم چوارچێوەیەدا نەخشەڕێگەیەک بۆ کڕینی چەک لە کۆمپانیا فەرەنسییەکان پەسەند کرا، کە دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی زیرەک، تۆپهاوێژ و سیستەمی بەرپەرچدانەوەی درۆن دەگرێتەوە.
لە کەرتی وزە و ئابووریدا، عێراق و کۆمپانیای تۆتال ئینێرجی ڕێککەوتننامەیەکی نوێیان بۆ پڕۆژەی فراوانی نەوت و کارەبا بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان واژۆ کرد. هەردوو لایەن جەختیان لەسەر گرنگیی فرەچەشنکردنی هێڵەکانی هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەوروپا و پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا کردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، پێشوازی لە کردنەوەی سەنتەری پزیشکیی فەرەنسی لە قەزای شنگال کرا، هەروەها پاریس بەڵێنی دا بەردەوام بێت لە هاوکاریکردنی عێراق بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی لە دەستی داعش ڕزگار کراون و نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە مێژوویی و کولتوورییەکان.